مستەفا سەید قادر لەگەڵ کونسوڵى ئیمارات و روسیا کۆدەبێتەوە

20/06/2023

جێگرى یەکەمى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ هەریەک لە کۆنسوڵى شانشینى ئیمارات و کۆنسوڵى گشتى روسیاى فیدڕاڵ کۆبوەوە و پەیوەندییە سیاسى و ئابورى و کلتورییەکانیان گفتوگۆ کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، مستەفا سەید قادر جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەجیا لەگەڵ هەریەک لە ئەحمەد ئیبراهیم سەعید، کونسوڵى شانشینی ئیماراتی یەکگرتو و مەکسیم روبین، کونسوڵی گشتی ڕوسیای فیدڕاڵ، کۆبوەوە.

لە کۆبونەوەى یەکەمدا لەگەڵ کونسوڵى ئیمارات، تیشک خرایە سەر پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئیماراتی یەکگرتوو لە بوارە جیاجیاکانی ئابووریدا و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی ئەو وڵاتەى بەرز نرخاند کە لەکاتی قەیران و تەنگانەدا هاوکاری هەرێمی کوردستان بوون.

کونسوڵی شانشینی ئیماراتی یەکگرتوو پوختەیەک لە کار و پڕۆژەکانیانی لەهەرێمی کوردستان خستە ڕوو کە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیا ئیماراتیەکانەوە جێبەجێ دەکرێن، هەروەها بەگرنگیەوە باسی لە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان کرد کە مەرجێکی سەرەکییە بۆ هاندانی کۆمپانیا و وەبەهێنەران بۆ کارکردن لەهەرێمی کوردستان .

لە کۆبونەوەى دووەمدا لەگەڵ کونسوڵى گشتى روسیاى فیدڕاڵ، شاندە روسییەکە باسیان لە پەیوەندیە مێژوویەکانی نێوان ڕوسیا و هەرێمی کوردستان کرد.

کونسوڵى روسیا ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان بۆ ڕوسیا گرنگی تایبەتی هەیە، بەتەنها لە بواری و سیاسی و ئابوریدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو پەیوەندیەکی کەلتووریش لە نێوان هەردوولادا هەیە، هەروەها، باسی لە گرنگی تەبایی و یەکگرتووی هێزە سیاسیەکانی هەرێم کرد کە تەنیا بنەمای بەهێزی هەرێمی کوردستانە .

لەبارەى بودجەى گشتیی عیراقەوە، کونسوڵی گشتی هیوای خواست یاسای بودجە پاش ئەوەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە یارمەتی بوژاندنەوەی سێکتەرە ئابوورییە جیاجیاکان بدات.

لەکۆتاییدا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواست پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ڕوسیادا زیاتر پەرەی پێ بدرێت و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هەردولادا هەبێت


هەواڵی زیاتر