"سەرەڕای قەیران و ڕێگریەکان، کارەکانمان سەلماندویانە سەرکەوتو بوین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی پلانەکانمان "
19/07/2023
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت؛ سەرەڕای قەیران
و ڕێگریەکان، کارەکانمان سەلماندویانە سەرکەوتو بوین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و
جێبەجێکردنی پلانەکانمان و دەشڵێت: گرنگترین کارمان کردنەوەى چەند
بەڕیوەبەرایەتییەک و تۆمارکردنی (14) هەزار کەمئەندامی نوێ و بەشداریپێکردنى حەوت
هەزار گەنجە لە راهێنانەکانمان کە (30%)یان بونەتە خاوەن کارى خۆیان".
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دواى
چوار ساڵ لە دەستبەکاربونى لە پۆستەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات توانا و هەوڵى زۆریان
بەگەڕخستووە بۆئەوەى لەم کابینەیەدا خزمەتێکی گەورە بە چین و توێژە جیاوازەکان بکەن
هەر لە دروستکردنی بینا و رەخساندنى هەلی کار و دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست و تۆمارکردنی
کەمئەندامی نوێ و خول و ڕاهێنانی جۆراو جۆر و چاکسازی لە سەرجەم دامەزراوەکانی وەزارەت
و دامەزراندنى چەندین پڕۆژەی جیاواز.
کوێستان محەمەد ئەوەدەخاتەڕو؛ لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان
بە بەرنامەو پلانێکی تۆکمە دەستیان بەکار کردوە و "لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا بەهاوکاری
سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنى وەزارەت و سەرجەم کارمەندانمان
خزمەتێکی گەورەمان بە چین و توێژە جیاوەزەکان کردووە سەرەڕای قەیران و ڕێگریەکان
کارەکانمان سەلماندویانە کە سەرکەوتو بوین لە پێشکەش کردنی خزمەت گوزاری و جێبەجێکردنی
پلانەکانمان".
پەیوەست
بە گەنجان باس لەوە دەکات؛ لەساڵی یەکەمەوە هەنگاویان ناوە بۆ هاوکارى و پاڵپشتیکردنیان بە پڕۆژەی قەرزی
بچوک و پڕۆژەی بچوک بۆ لاوان و رەخساندنى ژمارەیەکی بەرچاو لە هەلى کار بۆیان لە کەرتی
تایبەت و گشتی و " زیاتر لە حەوت هەزار گەنج بەشداری ڕاهێنانەکانی بەڕێوەبەرایەتی
ڕاهێنان و پیشەییان کردووەو لەوانەش (30%)یان بونەتە خاوەن کاری خۆیان، هاوکات ژمارەیەک
هەنگاوی گرنگمان ناوە لە بوارى چاکسازی لە تەواوی جومگەکانی وەزارەت و رێگری کردن
لە گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی".
لەبارەى
کەمئەندامان و خزمەتکردنیانەوە، کوێستان محەمەد رونى دەکاتەوە؛ کەمئەندامان پێویستیان بە چاودێری بەردەوام و پاڵپشتی هەیە، گرنگترین
کارێک کردومانە بۆ ئەوان تۆمارکردنی (14) هەزار کەمئەندامی نوێیە کە بە خۆشحاڵیەوە
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر داوای ئێمە ڕەزامەندی داوە لەگەڵ هەموارکردنەوەی
یاساکەیان بە شێوازێک کە درشمی خاوەن پێداویستی تایبەت جێگای ڕێزن نەک بەزەیی تیایدا
ڕەنگی دایەوە و بەردەوامیشین لە بەدواداچونی ڕێکارەکانی تۆماری نوێی کەمئەندامان و
لەسەر ئەرکی خۆمان و خێرخوازان و ڕێکخراوەکانیش ژمارەیەکی بەرچاو کورسی کارەبایمان
بۆ هاوڵاتی خاوەن پێداویستی تایبەت دابین کردووە و ئێمە بەردەوام لەڕێی پاکێجی
خواردن و هاوکاریەکانیشەوە خزمەتمان کردووە".
هەروەک ئاماژە ەوە دەکات؛ لەڕێی خێرخواز و بودجەی حکومەتی
هەرێم، ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگیان ئەنجامداوە لە شار و شارۆچکەکان، لەوانە: دروستکردن
و کردنەوەى ژمارەیەک سەنتەری ئۆتیزم، کردنەوەی
چەندین بەڕێوەبەرایەتی و بەشی گرنگ بۆ خزمەتی زیاتری هاوونیشتیمانیان دامەزراندنی
سێ سەنتەری ڕاهێنانی پیشەیی نوێ بۆ ڕاهێنانی گەنجان سەرەڕای نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەکی
تر لە دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانمان".
سەبارەت
بە خزمەت و هاوکارى
منداڵان، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى دەڵێت: خزمەت بە دوو جۆر لە منداڵان دەکەین
کە ئەوانیش منداڵانی خانەخوێ و ئاوارەن، لە کەمپەکان پڕۆژەمان لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف
هەیە و ڕۆژانە چالاکی جۆراو جۆر لە ڕێگەی تیمەکانمان پێشکەش بەو منداڵانە دەکرێن و
سەنتەرەکانی پاراستنی منداڵانیشمان لە کە لە شارو شارۆچکەکانن چالاک کردۆتەوە کە پێشتر
داخرابوون لە ئێستادا بێ بەرامبەر خزمەت دەکەن و "ئەمساڵ خزمەت بە زیاتر لە
15 هەزار منداڵ کراوەو چالاکی مۆسیقا و وەرزشی و هونەری تێدا ئەنجام دەدرێت".