ئاوات جەناب نورى: پرۆژەکانمان لە گەرمیان دەرفەتى هەلى کار و جوڵەى بازرگانى لە سنوورەکە زیاتر دەکات

23/07/2023

وەزیرى دارایی بە فەرمى کردنەوەى دەروازەى تیلەکۆ و ماستەرپلانى مەرزى پەروێزخان رادەگەیەنێت و دەڵێت: ئەم پڕۆژانە دەرفەتى هەلى کار و جوڵەى بازرگانى لەم سنوورە زیاتر دەکات و بەهۆیەوە گەشەى ئابورى زیاتر و پێویست بەخۆوە دەبینێ و هیوادارم هەنگاوى گەورەترى بەدوادابێت بۆ خزمەتى گەرمیانى بریندار.

ئەمڕۆ یەکشەممە (2023/7/23)، ئاوات جەناب نورى، وەزیری دارایی و ئابورى هەرێمی کوردستان لە گەرمیان لە دەروازەی تیلەکۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ سێ پڕۆژەى گرنگى حکومەتمان لە گەرمیان کردەوە لە چوارچێوەى ئەو هەوڵ و کۆششى حکومەت بۆئەوەى ژێرخانى ئابورى هەرێمەکەمان بەهێز بکەین و گەشەسەندنى ئابورى زیاتریش روبکاتە گەرمیان.

وەزیرى دارایی باسى لە ماستەرپلانى دەروازەى پەروێزخان کرد کە دەستیان بە ئیش کردوە تێیدا و وتى: ماستەرپلانمان بۆ پەروێزخان داناوە بۆئەوەى ژێرخانەکەى ئامادە بکەین زەویمان بۆ کڕیوە و کارەبا و ئاومان بۆ دابینکردوە و رێگاوبانەکانى دەوروبەرى پڕۆەژەکەمان چاک کردوە و پردى پەیوەندى نێوان خۆمان و کۆمارى ئیسلامى ئێرانمان فراوان کردوە.

وتیشى: ئەمڕۆ بە فەرمى مەرزى تیلەکۆمان کردەوە و ماستەرپلانى تیلۆکۆ و مەرزى پشتەش ئامادەیە و وردە وردە دەست پێدەکات، ئەم هەوڵانە دەرفەتى هەلى کار و جوڵەى بازرگانى لەم سنوورە زیاتر دەکات و گەشەى ئابورى زیاتر و پێویست بەخۆوە دەبینێ و هیوادارم هەنگاوى گەورەترى بەدوادابێت بۆ خزمەتى گەرمیانى بریندار".


هەواڵی زیاتر