وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سەردانى خێوەتى مانگرتوانى کفرى دەکات

23/07/2023

وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سەردانى خێوەتى مانگرتوانى کفرى کرد و رایگەیاند: داواکارییەکى مانگرتوانیان خستوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و ئەوانى دیکەشیان کە پەیوەستە بە کارى ئەوانەوە خستوەیانەتە پلانى ساڵى (2024)ى پلانى وەزارەتەکەوە.

دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە (2023/7/23)، دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سەردانى خێوەتى مانگرتوانى کفرى کرد و دواى دیدارى لەگەڵ دەستەى نوینەرانى خەڵکى کفرى، ئاماژەى بەوەکرد کە پێشتر لە دیوانى وەزارەت پێشوازى لە نوێنەرى مانگرتوان و خۆپیشاندەرانى کفرى کردوە، بەڵام لە سەردانەکەى بۆ گەرمیان حەزى کردوە لە نزیکەوە سەردانیان بکات و دوبارە گوێ لە داواکارییەکانیان بگرێت و وتى: پڕۆژەى رێگاى دێلێژە کە یەکێکە لە داواکارییەکانیان خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوەى سێ داواکارى دیکەشیان هەیە خستومانەتە پلانى ساڵى ئایندەى وەزارەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا لەماوەى داهاتو فۆڕمێک بۆ دابەشکردنى شوقە بڵاو دەکەینەوە.

لاى خۆیانەوە نوێنەرى مانگرتوان ستایشى سەردانەکەى وەزیرى ئاوەدانکردنەوەیان کرد و رایدەگەینن؛ وەزیرى ئاوەدانکردنەوە وەک یەکەم وەزیرى حکومەتى هەرێم سەردانى کرد ئەمەش جێى ستایش و سوپاسە، بەتایبەت کە پشتیوانى و پاڵپشتى بۆ دوپاتکردونەتەوە و ئومێد دەکەین بەڵێنەکان بچنە بوارى جێبەجێکردنەوە

لاى خۆیەوە، رۆڤان سەروەت، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى و باژێروانى مەکۆى بزوتنەوەى گۆڕان لە کفرى کە لە سەرەتاى گردبونەوەکانەوە پاڵپشتى داواکارییەکانى کردوە، دەڵێت: سوپاسى وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و تەواوى تیمى وزاری گۆڕان دەکەین کە لەسەرەتاوە پاڵپشتى داواکارییەکان بون و ئێستاش یەکەم وەزیرى حکومەت بوە هاتوەتە خێوەتەکە و پێشتر بە تەلەفۆن قسەى لەگەڵ کردون، ئومێد دەکەین تیمەکانى دیکە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى دیکەش بێنە سەرخەت بۆ وەڵامدانەوەى داخوازییەکانى خەڵکى کفرى کە داخوازى و داواکارى سەرجەم چین و تویژە و دەنگ و رەنگە جیاوازەکانە.


هەواڵی زیاتر