وەزیرى دارایی سەردانى خێوەتى مانگرتوانى کفرى دەکات .. ئەوەى لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتى کفرى، دەیکەین
24/07/2023
وەزیرى دارایی و ئابورى سەردانى خێوەتى مانگرتوانى کفرى دەکات کە نزیکەى سێ هەفتەیە بەردەوامە و دەڵێت: من لە ساڵى (1991) لە کفرى بوم و رێگریمان کردوە لەوەى کفرى وەک هەندێک ناوچەى دیکە لەدەرەوەى دەسەڵاتى ئیدارى هەرێم بێت، بۆیە لە موعانات و داواکارییى خەڵکەکەى تێدەگەم، لەماوەى رابردودا کەمتەرخەمیمان نەکردوە دەرهەق بە کفرى و بەردەوامیش دەبین لە گەیاندنى خزمەتگوزارى بەم شارە و بەدەمەوە هاتنى داواکارییەکانیان.
ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایی و ئابورى هەرێم، کە ئەمڕۆ دوشەممە (2023/7/24)، سەردانى خێوەتى مانگرتوانى کفرى کرد و وتى: من ساڵى (1991) مەسئولى میحوەرى کفرى بوم و لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکان داکۆکیمان لەم شارە کردوە و لەگەڵ خەم و ئازارەکانیاندا بوین، لەو کاتەوە لە گرفت و خەم و ئازارەکانى کفرى و موعاناتەکانى خەڵکەکانیم بینیوە و شارەزام، لەم چەند ساڵەشدا لە وەزارەتى دارایی قسوریمان نەکردوە و رەزامەندى سێ ملیار دینارمان داوە بۆ چارەسەرى کێشەکانى کفرى".
ئاماژەى بەوەشکرد لە سەردانەکەیدا بۆ خێوەتەکە و پێشتریش کە نوێنەرانى ماگرتوان سەردانى کردون، بەڵێنیان داوە ئەوەى لە توانایاندا بێت بیکەن بۆ خزمەتى کفرى و وتیشى: کۆدەنگییەک هەیە لە ئەنجومەنى وەزیران و هەموو وەزارەتەکان بۆ هاوکارى و پشتیوانى کفرى و بەدەم داواکارییەکانەوە دەچین".
فۆتۆ: محەمەد خەلیفە