سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى گۆڕان: دەستپێشخەریەکەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ پارێزگارییە لە پێگە و شوناسى نەتەوەیی کورد لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان
30/07/2023
یاسین حەمە عەلى، رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەى گۆڕان دەستپێشخەرى
ئەوەى راگەیاندوە کورد پێویستى بە یەک گوتارى و یەک لیستى هەیە لە کەرکوک و ناوچە
کێشە لەسەرەکان بۆئەوەى بتوانین پارێزگارى لە پێگە و شوناسى نەتەوەییمان لەو
ناوچانە بکەین، هیوادارین بڕیارى سیاسى لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارانە بێت و واز
لە بەرژەوەندیى حیزبى خۆیان بهێنن و لەپێناو پەرت نەبونى دەنگەکان و لاواز نەبونى کورد.
یاسین حەمەعەلى، سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردن، رایدەگەیەنێت؛
لە کۆبونەوەکانى رابردودا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و دوێنێش لە کۆبونەوەى هەردو
جڤاتى گشتى و نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان هەڵوێستى خۆمان راگەیاندوە و دەستپێشخەرى
ئەوەمان راگەیاندوە کە وەک کورد پێویستمان بە یەک گوتارى و یەک لیستى هەیە لە
کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆئەوەى بتوانین پارێزگارى لە پێگە و شوناسى
نەتەوەییمان لەو ناوچانە بکەین.
سەربارەت بە دواکەوتنى بڕیارى لایەنە سیاسییەکان، یاسین
حەمە عەلى دەڵێت: پێویست بو لایەنەکان بڕیارەکان نەخەنە دواساتەکان و هەر زوو
بەدەم دەستپێشخەرییەکەى بزوتنەوەى گۆڕانەوە بهاتنایە، چونکە بزوتنەوەى گۆڕان لە
خەمخۆرى بۆ پرسى کورد و پارێزگارى لە سەنگى کورد لەو ناوچانە دەستپێشخەریمان کردوە،
هیوادارین بڕیارى سیاسى لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارانە بێت و واز لە بەرژەوەندیى
حیزبى خۆیان بهێنن و هەمو لایەنەکان وەک کورد بە یەک لیست بەشدارى بکەین لەپێناو
پەرت نەبونى دەنگەکان و لاواز نەبونى کورد.
لەبارەى ئەو مەترسیانەى گۆڕان دەیبینێت بۆیە هۆشدارى و
پێداگرى دەکات بۆ یەک لیستى لایەنە کوردستانییەکان، سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردن
دەڵێت: ئەو سیستمى هەڵبژاردنەى پڕۆسەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى پێ ئەنجام
دەدرێت لە خزمەتى هاوپەیمانێتى و لیستە گەورەکاندا دەبێت، بۆیە ئێمە دەمانەوێت سەرجەم
لایەنەکان لە چوارچێوەى یەک لیستدا پێکەوە بن و پێگەى کورد بەهێز بێت.