شاندێکى یونامى سەردانى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات

05/08/2023

ئەمڕۆ شەممە (٢٠٢٣/٨/٥)، شاندێکى یونامى بە سەرۆکایەتى راوێژکارێکى یاڵاى هەڵبژاردن سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد و لەلایەن مستەفا سەید قادر جێگیرى سەرۆکى هەرێم و ژورى هەڵبژاردنەوە پێشوازیان لێکرا و لە کۆبونەوەیەکدا پرسى هەڵبژاردنەکانیان تاوتوێ کرد.

لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە، یاسین حەمەعەلى، سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەکەدا بیر و را لەبارەى پرسى هەلبژاردنەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق و پەرلەمانى کوردستانەوە ئاڵوگۆڕکرا و شاندى یونامى پێشوازى لە دیاریکردنى وادەی ئەنجامدانى هەڵبژاردن و بەڕیوەچونى پڕۆسەیەکى پاک و بێگەرد دەکەن.
وتیشى: ئێمەش روانینى بزوتنەوەى گۆڕانمان دوپاتکردەوە پەیوەست بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا و جەختمان کردەوە لەوەى لە رابردودا هەوڵى زۆرمان داوە لایەنەکان بگەن بە سازان و ناکۆکى نێوان لایەنەکان چارەسەر بکرێ و هەڵبژاردن لە وادەى خۆى بکرێ سەربارى ئەوەى لە ساڵى (٢٠٢١)ەوە پڕۆژەشمان هەبوە بۆ هەموارى یاساى هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن.

یاسین حەمە عەلى ئاماژە بەوەش دەکات لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى پێشهاتەکان و یاساى هەڵبژاردن کراوە کە لە دادگاى فیدراڵى تانەى لێدراوە و بڕیارە سبەینێ دانیشتنى دادگا بەڕیوەبچێ، دەشڵێت: ئێمە ئومێدەوارین لایەنەکان بگەنە سازان لەو پرسانەى رەهەندى نیشتیمانییان هەیە، هەڵبژاردنێکى پاک و پێگەرد لە دۆخێکى سەقامگیردا بەڕێوەبچێت، چونکە ئێمە ئەزمونى تاڵمان هەیە لە ساختەکارى و دەستوەردان و پێشێلکارى".


هەواڵی زیاتر