وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى: ئامانج لەو سندوقەى ئەنجومەنى وەزیران پەسەندى کرد پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویستە بۆ کەمئەندام وخاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان

09/08/2023

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى رایدەگەیەنێت؛ ئامانج سندوقی چاودێریی و شیاندنی کەسانی کەمئەندان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان کۆکردنەوەى داهاتەکانی بەدەستهاتووی ئەم بوارە و خەرجکردنەوەیەتى بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ کەسانی کەمئەندام وخاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان.

کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە ئەمڕۆ لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا، رەشنوسی (پەیڕەوی سندوقی چاودێریی و شیاندنی کەسانی کەمئەندان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان)ى خستەڕو، رایدەگەیەنێت: ئامانج لەم سندوقە کۆکردنەوەى داهاتەکانی بەدەستهاتووی ئەم بوارە و خەرجکردنەوەیەتى بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ کەسانی کەمئەندام وخاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان لە ڕێگای فەراهەمکردنی چاودێریی و شیاندن و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بۆیان و پاڵپشتیکردنیان لە گشت بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و فێرکاری و بە گوێرەی پەیڕەوەکە.
دەشڵێت: ئەنجومەنێکیش بۆ بەڕێوەبردنی سندوقەکە پێکدێت کە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان لە خۆ دەگرێت و ئەوانیش هاوتای لایەنە حکومیيەکان بڕیاردەر دەبن لە بەڕێوەبردنی سندوقەکە.
هەروەک پەیڕەوەکە پاڵپشتى کەمئەندامان و خاوەنپێداویستى تایبەت و کورتەباڵاکان دەکات لە بوارەکانى تەندروستى و فێرکارى و کاتبەسەربردن کە خۆى دەبینێتەوە لە دابینکردنى ئامێرى قەرەبوکار و ئامادەسازکار و کەلوپەلى پزیشکى پێویست بۆ ئەو توێژە، هاوکات دابینکردنى چارەسەرى پێویست لەنێویشیاندا نەشتەرگەریی و شیاندنى تەندروستى و پێشکەشکردنى دەرمان بە کەسانى کەمئەندامان و خاوەنپێداویستى تایبەت و کورتەباڵاکان.
ئەوە لەکاتێکدایە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەوەى ئەمڕۆیدا بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کرد و وەزارەتی کار وکاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپێردا، بە هەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکان، ڕێکاری پێویست وەربگرن لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی پەيڕەوەکە.
دواى پەسەندکردنى پەیڕەوەکەش، سکرتێرى گشتى یەکێتى کەمئەندامان  رایگەیاند: بەدڵ دەستخۆشی لە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەكەم كە ئەمڕۆ لە درێژەی هەوڵ و ماندوبونەكانی بۆ خاوەنپێداویستییە تایبەتییەكان، توانی بەكۆی دەنگ رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێیت بۆ (سندوقی شیاندن) كە بەهیوام لە داهاتویەكی نزیكدا ئەم سندوقە ببێتە مایەی خێر و دەسگیرۆیی زیاتری خاوەنپێداویستییە تایبەتییەكان.


هەواڵی زیاتر