"یەکڕیزی لایەنەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە زامنی سەقامگیری سیاسی و پاراستنی خەڵک و بەهێزی پێگەی کوردە"

15/08/2023

جێگرى سەرۆکى هەرێم و کۆنسوڵى ئەمەریکا جەخت لە یەکڕیزی لایەنە سیاسیەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دەکەنەوە بە ئامانجی زامنی سەقامگیری سیاسی و پاراستنی خەڵک و خاک و بەهێزی پێگەی کورد لە ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ سێ شەمە، ١٥/٨/٢٠٢٣، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئۆفیسی خۆی لەگەڵ ئیرڤن هیکس جونیەر کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان و وەفدێکی یاوەری کۆبوەوە.

لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و کێشەی هەولێر و بەغدا و هەلومەرجی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

هەردولا جەختیان لە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە کردەوە بە ئامانجی زامنی سەقامگیری سیاسی و پاراستنی خەڵک و خاک و سەروەری هەرێمی کوردستان و بەهێزی پێگەی کورد لە ناوچەکەدا.

جێگری سەرۆکی هەرێم ڕۆڵی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و دەستپێشخەری و کارەکانی کونسوڵی گشتی ئەمریکا بەرزنرخاند، و هیوای خواست پشتیوانی و هاوکاری و پەیوەندییەکانیان لەپێناوی چاکسازی و پێشخستنی سیستەمی حکومڕانی بەردەوام بێت.


هەواڵی زیاتر