بەڕێوەبەرى هاتوچۆى سلێمانى: ئەرکى ئێمە رێکخستنى هاتوچۆ و پاراستنى سەر و ماڵى هاوڵاتیانە، نەک کۆکردنەوەى داهات و سزادانى خەڵک

15/08/2023

بەڕێوەبەرى پۆلیسى هاتوچۆى سلێمانى رایدەگەیەنێت: لاى ئێمە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆ بۆ کۆکردنەوەى داهات و سزادانى خەڵک نییە، بەڵکو واى دەبینین ئەرکمان تەنها رێکخستنى هاتوچۆ و پاراستنى ژیان و ماڵ و منداڵى هاوڵاتیان و شۆفێراندایە.

عەمید ئاسۆ محمد ئەمین، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمەڵەی کورتە باڵاکانی کوردستان کە بۆ سوپاسکردن و بەخشینى رێزلێلێنان بەرامبەر هاوکاریکردنیان لە ڕایی کردنی مامەڵەکانیان و پێدانی مۆڵەتی شۆفێری سەردانیان کردبو، پاڵپشتى خۆیان بۆ کۆمەڵەکە و کۆى خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و سەرجەم هاوڵاتیان دوپاتکردەوە.

عەمید ئاسۆ لەو دیدارەدا وتى: لاى هەندێک کەس ئەو تێگەیشتنە دروستبوە کە کارى هاتوچۆ کۆکردنەوەى پارەیە بۆ حکومەت، "بەڵام لە راستیدا لاى ئێمە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆ بۆ کۆکردنەوەى داهات و سزادانى خەڵک نییە، بەڵکو تەنها واى دەبینم ئەرکمان بۆ رێکخستنى هاتوچۆ و پاراستنى ژیان و ماڵ و منداڵى هاوڵاتیان و شۆفێرانە.

ئاماژە بەوەش دەکات؛ ژمارەى قوربانییەکانى هاتوچۆ لە ژمارەى قوربانیانى شەڕى تیرۆر زیاترە ئەوەش نیگەرانى کردون و دەڵێت: ئامانجى ئێمە پاراستنى سەر و ماڵى خەڵک و رێگرییە لە سەرپێچیکردنى رێنماییەکان، هیوادارین هۆشیارى تاک بگاتە ئەو ئاستەى هیچ سەرپێچییەک نەکرێت و داهاتى سزامان نزیک ببێتەوە لە سفر.


هەواڵی زیاتر