چەند ناوچەیەكی ئازادی بازرگانی لە سنووری نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە
20/08/2023
كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ حوجەتوڵا مەلەکی راوێژكاری سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسی دۆسیەی ناوچەی ئازادی بازرگانی لە ئێران گفتوگۆى كردنەوەی سێ ناوچەی ئازادی بازرگانی دەکات لەو شوێنانەی هاوسنووری هەرێمی كوردستانن.
لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٠/٨٢٠٢٣)، لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى بەڕیوەچوو باس لە گرنگی هەبوونی ناوچەی ئازادی بازرگانی كرا لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان و تیشك خرایە سەر چەند تەوەرێكی تایبەت بەو بوارە.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بە پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران كرد لە ڕووی بازرگانیەوەو وتی: ئێمە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هاوسنوورین دەكرێت پەیوەندییە بازرگانییەكانمان بەهێزتر بكەین و كردنەوەی ناوچەی ئازادی بازرگانیش دەرفەتێكی باشە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی نێوان هەردولا و سودی گشتی.
هاوکات وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئامادەیی هەماهەنگی و كار ئاسانی وەزارەتی دەڕبڕی لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكاندا بۆ هەر هەولێك بۆ پێشخستنی كەرتی بازرگانی و پیشەسازی پێویست بێت ئەنجامی دەدەن.
جێی ئاماژەیە، ناوچەی ئازادی بازرگانی شێوازێكە لە شێوازەكانی بازرگانی نێوان دوو وڵاتی جیاواز بۆ ئاڵوگۆڕی كاڵا و شتو مەك بێ ئەوەی بە رێكاری گومرگی تێپەربێت لە هەر وڵاتێكدا بە پێی یاسا و رێنمایی تایبەت رێكخراوە و بەپێى وتەکانى شاندى میوان رێكارە یاساییەكانیانى ئەو سێ ناوچەیە تەواو بووە و لەم ساڵدا بە فەرمی دەكرێنەوە كە دەرفەتێكی باشی كار و بازرگانی بۆ سەرمایەگوزارانی هەردوولا دەڕەخێسنێت.