وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە دەستى بە جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانە کردوە کە بە مانگرتوانى کفرییان داوە

22/08/2023

وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەستى بە جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانە کردوە کە پێشتر بە مانگرتوانى کفرییان داوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند؛ لە چوارچێوەى ئەو بەڵێنانەى لەلایەن وەزارەتەکەوە دراوەتە مانگرتوانى کفرى، بەشى یەکەمى قیرتاوکردنى رێگاى دێلێژە دەستى پێکردوە و دەشڵێت: لە ئایندەیەکى زۆر نزیکدا بەشى دوەمى ئەم پڕۆەژەیە دەستپێدەکات، کە رێگایەکى هاوڵاتییانى کفرییە بۆ هاتوچۆکردن و پێشتر لەڕێى مانگرتوانى کفرییەوە داواى چاککردنى کرابو.

لاى خۆیەوە رۆڤان سەروەت باژێروانى کفرى بزوتنەوەى گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ سایتى گۆڕان دەستپێکردنى کارکردن لە پڕۆژەکەى وەک قۆناغى یەکەم پشتڕاستکردەوە و دەڵێت: ئەوە یەکێکە لە داواکارییەکانى مانگرتوان و خەڵکى کفرى، لەگەڵ ستایشمان بۆ هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى بەڵێنەکان، دوپاتى دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە بەدواداچون و چاودێریکردنى جێبەجێکردنى کۆى ئەو بەڵینانەى بە خەڵکى کفرى دراون.

ئەوە لەکاتێکدایە نزیکەى مانگێک بەشێک لە هاوڵاتییانى کفرى، بۆ داواکردنى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان خێوەتیان هەڵدا و مانگرتنیان راگەیاند، لەو ماوەیەشدا چەندین جار لەلایەن تیمى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕانەوە سەردانیان کرا و بەڵێنى هاوکارى و چارەسەرکردنى کێشە و داواکارییەکانیان پێدرا، لاى خۆیەوە دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رۆژى (23/7/2023)، وەک یەکەم وەزیرى حکومەتى هەرێم سەردانى خێوەتى مانگرتوانى کفرى کرد و رایگەیاند: داواکارییەکى مانگرتوانمان خستوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و ئەوانى دیکەشیان کە پەیوەستە بە کارى وەزارەتى ئێمەوە خستومانەتە پلانى کارکردنمانەوە.

 

وێنە: ئەرشیفى سەردانى وەزیرى ئاوەدانکردنەوە بۆ خێوەتى مانگرتوان


هەواڵی زیاتر