وەزیرى دارایی پارە بۆ پڕۆژەى چوار رێگا لە سنورى پێنجوێن تەرخان دەکات
28/08/2023
وەزیرى دارایی رەزامەندى بە نوسراوێک کە ئاڕاستەى گەنجینەى دوى سلێمانى کردوە،
پارە بۆ پڕۆژەى چوار رێگا لە سنورى پێنجوێن تەرخان دەکات.
زانا عەبدولڕەحمان، قائیمقامیەتى پێنجوێن رایگەیاند؛ لەلایەن ئاوات
جەناب نورى، وەزیرى دارایی و ئابورى هەرێم نوسراوێک ئاڕاستەى بەڕێوەبەرایەتى
گەنجینەى سلێمانى/2 کراوە؛ تێیدا رەزامەندى دراوە لەسەر پارەدارکردنى چەند
پڕۆژەیەک لە سنورى قەزاى پێنجوێن.
پەپێى نوسراوەکە بۆ پڕۆژەى قیرتاوکردنى رێگاى گوندى وێنە لە ناحیەى
گەرمک بە درێژى 3.6 کیلۆمەتر، بڕى 357 ملیۆن و 60 هەزار دینار تەرخانکراوە، پڕۆژەى
کۆنکرێتکردنى رێگاى هەورازەکانى گوندى کۆڵیتان لە ناحیەى ناڵپارێز بە بڕى 91 ملیۆن
و 670 هەزار دینار بە درێژى 0.4 کیلۆمەتر، هاوکات بۆ چاککردنى رێگاى سەرەکى لە
پردى ناڵپارێز تا پێنجوێن بڕى 69 ملیۆن و 834 هەزار دینارى تەرخان کراوە کە درێژیەکەى
13.4 کیلۆمەترە و رەزامەندیش دراوە لەسەر چاککردنەوەى دوو سایدى ناو مەرزى
سەیرانبەن لە ناحیەى گەرمک بە بڕى 418 ملیۆن و 231 هەزار دینار بە درێژى 0.5
کیلۆمەتر.
لاى خۆیەوە قائیمقامیەتى پێنجوێن هیوادارە دەستپێکى ئەم
پڕۆژانە هەنگاوێکى نوێی کارکردن بێت بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى خزمەتگوزارى دیکە لە
سنورى قەزاکەمان کە بەداخەوە ماوەى نۆ ساڵە کەمترین پڕۆژەى تێدا جێبەجێ کراوە.