باژێروانى کەرکوکى گۆڕان: کار بە پڕۆژەکانى نەوشیروان مستەفا و گۆڕان بکرایە دۆخى کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بەم ئەنجامانەى ئێستا نەدەگەیشت
03/09/2023
باژێروانى کەرکوکى گۆڕان: کار بە پڕۆژەکانى نەوشیروان مستەفا و گۆڕان بکرایە
دۆخى کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بەم ئەنجامانەى ئێستا نەدەگەیشت
باژێروانى کەرکوکى بزوتنەوەى گۆڕان رادەگەیەنێت؛ کەرکوک
پرسێکى نەتەوەیی و نیشتیمانە و کێشەکانى بێ چارەسەر کەڵەکەبوون، ئێمە پێمانوایە کوردستانیبوونى
کەرکوک حاشاهەڵنەگر و حەتمییە، بەڵام گەورەکردنى کێشەکان بە قازانجى پێکهاتەکان
نییە، دەشڵێت: ئەگەر کار بە پڕۆژەکانى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەى
گۆڕان بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بکرایە، دۆخى کورد و ئەم ناوچانە بە
ئاقارێکى دیکە دەڕۆیشت و بەم ئەنجامانەى ئێستا نەدەگەیشت.
ئەو ململانێ سیاسیەى لە هەرێمى کوردستان هەبوو
گوازرایەوە بۆ کەرکوک و دۆخەکەى بە ئاارێکى خراپتر برا و یەکیتى و پارتى وا کاریان
نەکردوە کە کێشەى خاکمان لەم ناوچانە هەیە
حەکیم عوبێد، باژێروانى کەرکوکى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى
دواین پێشهاتەکان و دۆخى کەرکوکەوە جەخت دەکاتەوە لەوەى لە دیدی بزوتنەوەى گۆڕاندا
کەرکوک پرسێکى نەتەوەیی و نیشتیمانیە و کێشەکانى بێ چارەسەر کەڵەکەبوون، گەورەکردنى
ئەو کێشانەش بە قازانجى پێکهاتەکان و کورد نییە، بەڵام لەسەرەتاوە تا ئێستا پارتى
و یەکێتى ئەو ململانێ سیاسیەى لە هەرێمى کوردستان هەیانبوو گواستیانەوە بۆ کەرکوک
و دۆخەکەى بە ئاقارێکى خراپتر برا، چونکە "ئەوان وا کاریان نەکردوە کە کێشەى
خاکمان لەم ناوچانە هەیە و کێشەکانى ئەوان حیزبى و شەخسین".
دەشڵیت: پڕۆژەکانى خودى رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا و
بزوتنەوەى گۆڕان بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان تەنانەت بۆ هەرێمى کوردستانیش
ئەگەر گوێى لێبگیرایە و کارى پێبکرایە، دۆخى کورد و ئەم ناوچانە بە ئاقارێکى دیکە
دەڕۆیشت و بەم ئەنجامانەى ئێستا نەدەگەیشت".
ئەوە لەکاتێکدایە شەوى رابردو دواى ئاڵۆزبوونى دۆخى
شارەکە و شەهید بون و برینداربوونى چەند هاوڵاتییەکى کورد، بزوتنەوەى گۆڕان لە
راگەیەندراوێکدا ئەوەى خستەڕوو کە شەڕ و ئاژاوە لە
قازانجی بەرژەوەندییەکانی کورد نیە لە کەرکوک و "بەرپرسیارێتی پارتی و یەکێتی
ئەوەیە لەبری عینادی و گواستنەوەی کێشە حیزبییەکان لە هەرێمەوە بۆ کەرکوک و
ناوچەدابڕاوەکان؛ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پێکهاتەکانی کەرکوک بگەنە ڕێککەوتن
بۆئەوەی چیتر خەڵکی ڕەسەنی کەرکوک نەبنە قوربانی ململانێی تەسکی حیزبی و خوێنی
خەڵکی شارەکە چیتر نەڕژێت".