ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى: ئه‌گه‌ر پێشتر گوێ له‌ گۆڕان بگیرایه‌ بۆ یەک دەنگى و یەک گوتارى، ئێستا هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌هێز ده‌بو

16/09/2023


ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى رایدەگەیەنێت: کاتێک پێگه‌ی كورد به‌هێزبوه بزوتنەوەى گۆڕان پێشنیازى یەک دەنگى و یەکگوتارى کردووە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانى و چارەنوسسازەکاندا، چونکە كاتێك له‌پێگه‌ی هێزه‌وه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌یت كاریگه‌ری و ئه‌نجامی باشترى دەبێت، ئه‌گه‌ر ئەوکات گوێ له‌ گۆڕان بگیرایه‌ ئێستا هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌هێزده‌بو.

د. هۆشیار عومه‌ر، رێكخه‌ری ژوری په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لەبارەى گرنگى یەکگوتارى لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە دانوستان و داواکردنى مافەکانى گەلى کورد و کاریگەرى دوا سەردانى شاندى حکومەت و پێکەوەیی لایەنە سیاسییەکان، رایدەگەیەنێت: ئەو روانینه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌به‌رنامه‌ی سیاسیییه‌كه‌یدا هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ كاری كردوه‌ کە له پرسه‌ ستراتیژییه‌ سیاسی، ئابوری، سه‌ربازی و دیپلۆماسییه‌كان پێویستە لایەنە سیاسییەکان یەک گوتار بن، هاوکات دۆسته‌كانی كورد به‌به‌رده‌وامی داوای ئه‌وه‌یان له ‌كورد كردوه‌ كه‌ له‌بابه‌ته‌ سه‌ره‌كیه‌كان به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ست به‌به‌غدا یه‌ك ده‌نگ بین.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى دەڵێت: ده‌كرێ هه‌مو ململانێ سیاسییه‌كانمان له‌ كوردستان هه‌بێت، به‌ڵام كه‌ ده‌چینه‌‌ به‌غدا بابه‌ته‌كانی ئه‌وێ ره‌هه‌ند و ناوه‌ڕۆك و سروشت و پێشیینه‌ی مێژوییان جیاوازه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌به‌غدا به‌یه‌كه‌وه‌ به‌رگری له‌ مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، ئەمە تەنها داواکاری ئێستاى گۆڕان نییە، بەڵکو ئه‌و پێشنیارانه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌كاتێكدا كردویه‌تی كه‌ پێگه‌ی كورد به‌هێزبوه، كاتێك له‌پێگه‌ی هێزه‌وه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌یت ئه‌نجامی باشتر ده‌ستده‌كه‌وێت، که‌ گوێیان له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌گرت رونه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دو بابه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان ئەوەیە کە دامه‌زراوه‌مان نییه، بۆئه‌وه‌ی له‌ڕوی قانونی سیاسی و ئابورییه‌وه‌ سه‌قامگیری دروستبكات و پشتیوانی خه‌ڵكت هه‌بێت، دوه‌میان ئەوەیە کە: ره‌هه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندی، هه‌میشه‌ له‌و وڵاتانه‌ی سیستمی دیموكراتییه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك  له‌پێشه‌وه‌یه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان ته‌نانه‌ت حزبیش له‌پێشه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسه‌كان له‌ پێشه‌وه‌یه ئەمانە هۆکارى سەرەکى نەچونە ژێر داخوازییەکانى گۆڕان بون کە لەبەرژەوەندى کۆى خەڵک و قەوارەى هەرێمیشدا بووە.


هەواڵی زیاتر