جێگرى سەرۆکى هەرێم: بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی و بارەگای کەنەکە لە هەولێر پێشهاتێکی مەترسیدارن

19/09/2023

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ کۆنسوڵى ئەمەریکا سەرکۆنەی ڕوداوی بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی و بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی لە هەولێر کرد و ئەو روداوانەی وەک پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ زیاتر ئاڵۆزبون و تێکدانی ڕەوشی ئەمنی و سەقامگیری سیاسی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە وەسفکرد.

ئەمڕۆ سێشەمە (١٩/٩/٢٠٢٣) لە هەولێر، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مارک سترۆ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی یاوەری کۆبوەوە و بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و رەوشی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەکە و سنور و عێراق و پشتیوانی ئەمەریکا بۆ رۆژئاوای کوردستان باسی لێوە کرا.

گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا سەبارەت بە ئاستەنگی بەردەم یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و جەخت لە یەکگرتوویی کورد و جێبەجیکردنی دەستور و دەرکردنی بڕیاری یاسای نەوت و غاز کرایەوە، وەک زامنی پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، دورخستنەوەی بابەتی موچە و بودجە لە ململانێ سیاسیەکانەوە.

لە کۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نیگەرانیەوە سەرکۆنەی هەردوو ڕوداوی بە ئامانجگرتنی فرۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی و بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە)ی لە هەولێر کرد و ئەو ڕوداوانەی وەک پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ زیاتر ئاڵۆزبون و تێکدانی ڕەوشی ئەمنی و سەقامگیری سیاسی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە وەسفکرد.
لە کۆتاییدا وێڕای سوپاسی پشتیوانی و هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان جێگری سەرۆک بەبایەخەوە باسی لە ڕۆڵی ئەمریکا کرد لە ناوچەکەدا.


هەواڵی زیاتر