جێگری سەرۆکی هەرێم کونسوڵی گشتی هیندستان کۆدەبێتەوە

20/09/2023


جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ کونسوڵی گشتی هیندستان، داوا دەکات لە ئەزمون و پێشخستنى بوارەکانی پزیشکی و پەروەردەیی و و تەکنەلۆژیا و کشتوکاڵدا هاوکار و پاڵپشتى هەرێمى کوردستان بکەن.

ئەمڕۆ چوار شەمە، ٢٠ / ٩/ ٢٠٢٣ ، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ مادن گۆپاڵ کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی کۆبوەوە.
لە کۆبونەوەکەدا باس لە هەلومەرج و بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و کێشە و گرفتەکانی بودجە و موچە و دۆخ و گوزەرانی خەڵک کرا، بە گرنگییەوە پەرەسەندنی پیشەسازی و بازرگانی و ئابوری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای وڵاتی هیندستان خرایە بەرباس و هەردولا بە بایەخەوە جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان کردەوە بەتایبەت لە ئەزمون و پێشکەوتنی هیندستان لە بوارەکانی پزیشکی و پەروەردەیی و خوێندنی باڵا و کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیا و بازرگانی و پیشەسازی و وزە و کشتوکاڵیدا.
لە کۆبونەوەکەدا کونسوڵی گشتی هیندستان پشتیوانی خۆی دوپاتکردەوە بۆ برەودان بە بەرزکردنەوەی توانای زانستی و پزیشکی و پەروەردەیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەرفەتی خوێندن و خولی ڕاهێنان و هاوبەشی کردن لە وڵاتی هیندستان.
لە کۆتاییدا جێگری سەرۆکی هەرێم بەگرنگییەوە باسی لە پەیوەندی مێژوویی و خاڵی هاوبەشی نێوان هەردو گەلی کورد و هیندستان کرد، هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە بپارێزرێن و بەردەوام بن.


هەواڵی زیاتر