د. هەڤاڵ ئەبوبەکر: نە بزوتنەوەى گۆڕان و نە هیچ کەسێک لە گۆڕان هیچ داواکاریەکى حیزبى یان کەسى و نایاسایی و دەستوەردانى لە من و کارەوبارەکانم نەبوە و نەکردوە

06/10/2023

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەى گۆڕان و نە هیچ کەسێک لە گۆڕان هیچ داواکاریەکى حیزبى یان کەسى و نایاسایی و دەستوەردانى لە من و کارەوبارەکانم نەبوە و نەکردوە، کە ئەم پۆست و بەرپرسیارێتیەشمان وەرگرتوە هیچ غەدر و خیانەتێکمان نەکردوە، "بەرجەستەبوى بەرنامە و دەستورى گۆڕان و رەوانشاد نەوشیروان مستەفام، ئەوەى رێگرى بکەین لەدەستوەردانى حیزبى و ئیستیغلالى پۆستەکەمان بۆ حیزب و خۆدەوڵەمەندکردن و بنەماڵەکەمان، خزمەتکارى خەڵکبین و لەگەڵیان بین نەک لە سەرویانەوە دابنیشین".

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى ئاماژە بەوە دەکات لەو کاتەوە کە وەک پارێزگارى سلێمانى دەستبەکاربووە متمانەى نێوان لایەنەکانیان بە یەکتر دروستکردەوە و لەسەر بنەماى هاوڵاتیبون و یاسا کاریان کردوە و پەیوەندیەکى راستەوخۆمان لەگەڵ دەرەوە دروست کردوە بۆ خزمەتى پارێزگاکە، دەشڵێت بەهەمو ئەو کارانەى کردومانە ئەتوانین بە رویەکى سورەوە بچینەوە بەردەم دەنگدەرانمان و خەڵک، چونکە خۆمان لەوان جیا نەکردەوە، متمانەمان لەنێوان ئیدارەکان دروستکردوە و کارى شەخسى و حیزبیمان نەکردوە، ئیدارەى ئێمە بوە بە دڵخوازى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، خۆمان بێبەرى کردوە لە ململانێ سیاسییەکان و لەسەر ئەوە سێ سوپاس و پێزانینى ئەمیندارى گشتى نەتەوەیەکگرتوەکانم پێبەخشراوە و پارێزگاى سلێمانیمان لە چەند رویەکەوە بەرەوپێش بردوە، هاوکات هیچ غەدر و خیانەتێکمان نەکردوە".

پەیوەست بە نیگەرانییەکى خەڵک و بێ موچەیی و کەمبونەوەى خزمەتگوزارییەکان، پارێزگارى سلێمانى دەڵێت: خەڵک لە شتانێک ناڕازى بون کە پەیوەندى بە دەسەڵاتى ئێمەوە نیە و لە دەسەڵاتى ئێمە بەرزترە وەک موچە و دابەشکردنى زەوى چەند بابەتێکى دیکە، من ئەوەش دوپات دەکەمەوە دەسەڵات لەم سنورە لاى یەکێتى و لەولا لاى پارتییە، مەبەستم دەسەڵاتى ئیدارى نیە بەڵکو دەسەڵاتى دارایی و داهات و ئەمنیەت و زانیارى و دادگا و بازاڕ و زانکۆ و کایەى گشتى کە لاى حکومەت و دامەزراوەکان نییە".

پەیوەست بە دەستوەردانى حیزبى لە کاروبارى حکومەت و ئەوەى ئەوەى ئایا گۆڕان پابەندى ئەوە بوە کە وەک لە بەرنامەکانیدا هاتوە دەستوەردانى حیزبى لە کاروبارى حکومەى نەکات، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى ئاشکراى دەکات کە تائێستا هیچى بۆ گۆڕان نەکردوە و مۆدیلێکى دروستکردەوە هەمو هاوڵاتیان و رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و حیزبەکان و دەستەبژێریش تێیدا سودمەند بن و دەشڵێت: بەهیچ جۆرێک بزوتنەوەى گۆڕان لەماوەى ئەم شەش ساڵەى پارێزگارم هیچ داواکاریەکى نە کەسى نە حیزبى لە من نەبووە، نە گۆڕان و نە هیچ کەسێک لە گۆڕان داواکارییەکى تایبەت یان نایاسایی یان دەستوەردانى لە من و کارەوبارەکانم نەبوە و نەکردوە، گۆڕان هێزێکە لە دۆخێکى تایبەت دروست بووە بۆ خزمەتى خەڵک، دەرکەوت هەمو پاکێج و داواکارییەکانى گۆڕان راستن و کە بەقسەى نەکراوە کۆى گشتى خەڵکى زیانى کردوە".

هەروەک دوپاتى دەکاتەوە کە بەرجەستەبوى بەرنامە و دەستورى گۆڕان و رەوانشاد نەوشیروان مستەفایە و بە رێگرى لەدەستوەردانى حیزبى و ئیستیغلالى پۆستەکەیان بۆ حیزب و خۆدەوڵەمەندکردن و بنەماڵە و لەگەل خەڵکبون ئەو بنەمایانەى جێبەجێ کردوە، لە وەڵامى پرسیارێکیش سەبارەت بە کەسایەتى عومەر سەید عەلى، دەڵێت: عومەر سەید عەلى، ئەو گۆچانە راوەستایە کە بزوتنەوەى گۆڕانى لە کەوتنى تر پاراستووە.


هەواڵی زیاتر