کوێستان محەمەد: لە چوارساڵى رابردودا نزیکەى (پێنج) هەزار گەنج بەشداری خولەکانیان کردوە و لە (30%)یان ئێستا خاوەنى پیشە و شوێنکارى خۆیانن

18/10/2023

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى رایدەگەیەنێت؛ (دە) سەنتەرى راهێنانى پیشەییان لە شار و شارۆچکەکان کردوەتەوە و لە چوارساڵى رابردودا نزیکەى (پێنج) هەزار گەنج بەشداری خولەکانیان کردوە و لە (30%)ى ئەوانەى بەشداربون ئێستا خاوەنى پیشە و شوێنکارى خۆیانن و چەند گەنجێکی دیکەشیان خستوەتە سەرکار.

کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە دهۆک لەبارەى راگەیاندنى چەند خولێکى پەرەپێدان بە تواناکانى گەنجان، ئاماژەى بەوەکرد کە لە بەڕێوەبەرایەتى راهێنانى پیشەیی سەر بە وەزارەتەکەیان لە دهۆک، (27) وەرشەى جیاجیایان هەیە کە سەدان گەنج خولى راهێنانى پیشەییان بینیوە بەشێوەیەک لە هەر قۆناغێک (150) گەنج بەشدارى خولەکان دەکەن.

وتیشى: (دە) سەنتەرى راهێنانى پیشەییمان لە زۆربەى شار و شارۆچکەکان کردوەتەوە کە لە چوارساڵى رابردودا بەردەوام لەسەر ئەرکى رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و بودجەى حکومەتى هەرێم خولى راهێنانیان هەبوە و نزیکەى (پێنج) هەزار گەنج بەشداری خولەکانیان کردوە، لە (30%)ى ئەوانەى خولەکانیان بینیوە ئێستا خاوەنى پیشە و شوێنکارى خۆیانن و چەند گەنجێکیشان خستوەتە سەرکار.

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى ئاماژەى بە گرنگى خولەکان کرد و ئەوەى خستەڕو کە لە رێگەى بەڕیوەبەرایەتییە تایبەتمەندەکانەوە خول بۆ ئەو پیشانە دەکەنەوە کە بازاڕ پێویستى پێیەتى، هاوکات کاردەکەن بۆ پاراستنى مافەکانی کرێکاران لە موچە و سەلامەتى شوێنى کار و تەندروستییان.


هەواڵی زیاتر