هۆشیار عومەر:پاکێجەکانى گۆڕان چارەسەرى ریشەیی بون بۆ چاکسازى و گۆڕانکارى و نەگەیشتن بەم قۆناغەى هەرێم

18/10/2023

ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ پاکێجەکانى گۆڕان چارەسەرى ریشەیی بون بۆ چاکسازى و گۆڕانکارى و نەگەیشتن بەم قۆناغەى هەرێم، بەڵام گوێیان لێنەگیرا تا واى لێهات پێگەى کورد لاواز بووە، بۆیە بەغدا پابەندى رێککەوتن نابێت و پشتیوانى نێودەوڵەتیش بۆ کورد وەک رابردو نەماوە.

هۆشیار عومەر عەلى، رێکخەرى ژورى پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات کە لە چەند ساڵى رابردودا کە نەوتى هەرێمى کوردستان رەوانەى دەرەوە دەکرا هەرێم بێ منەت بو، رۆژگارێک بەبێ کورد پڕۆسەى سیاسى لە عێراق بەردەوام نەدەبو، بەڵام کۆمەڵێک هەڵەى زەق و سیاسى لەلایەن بەرپرسانى هەرێمەوە کراوە و ئێستا هەرێمى کوردستان باجەکەى دەدات، بەشێوەیەک ئێستا کورد بشکشێتەوە هیچ رونادات چونکە لە ئەنجامى هەڵەکانى رابردو قۆناغ بە قۆناغ پێگەکەى لاواز بوە و ئێستا کە بەئاڕاستەى بەغدا دەڕوات، عێراق تاڕادەیەک بە رۆحیەتى تۆڵەکردنەوە مامەڵەى لەگەڵ دەکات.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى پاکێج و پڕۆژەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بیر دەهێنێتەوە و دەڵێت: پاکێجەکانى گۆڕان چارەسەرى ریشەیی بون بۆ چاکسازى و گۆڕانکارى و نەگەیشتن بەم قۆناغەى هەرێم، بەڵام گوێیان لێنەگیرا و دژایەتى دەکران، ئێستاش باجى ئەو هەڵانەیە کە پێگەى کورد لاواز بوە و هەرێمى کوردستان پاڵپشتى نێودەوڵەتى لەدەستداوە بەهۆى چاکسازى نەکردنەوە تەنانەت ئەمەریکا ناڕەزایەتى هەیە پەیوەست بە یەکنەخستنەوەى هێزى پێشمەرگە و ئەنجامنەدانى چاکسازى و پاشەکشەى پڕۆسەى دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان.

هەروەک هۆشدارى دەدات لە بەردەوامبونى ناکۆکى و ململانێى حیزبى هێزە دەسەڵاتدارەکان و دژایەتى یەکترى نوێنەرانى کورد لە بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە دەرفەت لە بەردەمماوە کە بە یەکڕیزى و یەکگوتارى و پڕۆژەى نیشتیمانى هەڵەکانى رابردو راستبکرێنەوە لەپێناو بەهێزکردنەوەى پێگەى کورد و بەدەستهێنانى شایستە داراییەکانى موچەخۆران.


هەواڵی زیاتر