ئاوات جەناب نورى: لەگەڵ وەزیرى دارایی عێراق و لیژنەى دارایی هاوڕا و هاوهەڵویست بوین لەسەر چارەسەرى یەکجارى کێشەى موچە
18/10/2023
وەزیری دارایی و ئابورى حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە
کۆبونەوە هاوبەشەکەى هەردو وەزارەتى دارایی هەرێم و حکومەتى ئیتیحادى لەگەڵ لیژنەى
دارایی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق باس لە چارەسەری بنەڕەتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم
کراوە و موچە دەخرێتە سەر دەرەوەی ئینفاقی فیعلی.
ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی هەرێم دواى کۆتایی هاتنى
کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کەشێکی دۆستانە لەگەڵ لیژنەی
دارایی و وەزیری دارایی عێراق زانیارییەکانمان پێشکەش کرد و باس لە جیاکردنەوەی
موچەی موچەخۆران لە کێشە سیاسییەکان کرا، هاوکات هۆکاری دواخستنی موچەمان بە
ڕاشکاوی خستەڕوو و ئەندامانی لیژنەی دارایی و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق
هاوڕا و هاوهەڵویست بوون لەسەر ئەوەی بابەتی موچە بەیەکجاری چارەسەر بکرێت.
وەزیری دارایی ئاماژە بەوەدەکات کۆبونەوەکە هەنگاوێکی
گرنگ و ستراتیجی بووە لەنێوان هەرێم و بەغدا و هیچ دەشڵێت: تاڕادەیەکى زۆر ئەو
داتایانەى پێشکەشمان کرد جێگەى قبوڵ بو هۆکارەکانى کیشەى موچەخۆرانى خۆمان
پێشکەشکرد، ناڕەزایەتییەك لە وەزیری دارایی عێراقەوە تێبینی نەکرا لەسەر پێشنیارەکان.