کوێستان محەمەد: لە نزیکترین کاتدا سەنتەرێکى ئۆتیزم لە سەیدسادق دەکەینەوە

26/10/2023

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى رایدەگەیەنێت؛ بە ئەرکى سەرشانمانى دەزانین خزمەتى سەیدسادق و تەواوى توێژەکان بکەین بۆئەوەش لە زوترین کاتدا سەنتەرێکى ئۆتیزم لە سەیدسادق دەکەینەوە و دەشڵێت: کە دەستبەکاربوین کۆى سەنتەرەکانى چالاکى و گەشەپێدان داخرابون، ئێستا هەمویان کراوەن و لەم دە مانگەدا زیاتر لە (54) هەزار منداڵ خولیان تێدا بینیوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (26/10/2023)، کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لە قەزاى سەنتەرى چالاکى سەیدسادقەوە رایگەیاند: سەیدسادق یەکێکە لەو قەزایانەى وەک پێویست ئاوڕى لێنەدراوەتەوە لەکاتێکدا قوربانى زۆرى داوە و روبەڕوى کارەسات و ماڵوێرانى بوەتەوە لە رابردودا، بۆیە ئەرکى هەمو وەزارەتەکانە بە وەزارەتى ئێمەشەوە خزمەتى بکەین،  لەو سۆنگەیەشەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان راسپاردوە پەلە بکەن لە دابینکردنى بینایەک بۆئەوەى بە زوترین کات سەنتەرێکى ئۆتیزم لە سەیدسادق بکەینەوە  کە ئەمە هەنگاوێکە بۆ خزمەتى خەڵکى ئەم شارە.

وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى ئاشکراى کرد کە وەزارەتەکە خاوەنى (27) سەنتەرى چالاکى و گەشەپێدانى منداڵانە، بەڵام کە ئەوان دەستبەکاربون سەرجەم ئەو سەنتەرانە داخرابون، وتی: جێى شانازیمانە کە دواى خستنەگەڕى هەوڵەکان ئێستا هەر (27) سەنتەرەکە کراونەتەوە و چالاکییان تێدا بەردەوامە، و بەپێى ئامارى وەزارەتى ئێمە لە ماوەى (10) مانگى رابردودا (54) هەزار و (354) منداڵ خولی جۆراوجۆریان لەم سەنتەرانە بینیوە، خۆشحاڵین کە توانیومانە منداڵ سەرقاڵى کار و چالاکى جۆراوجۆر بکەین بۆ کۆمەڵێک پیشە و بەهرەى جیاجیا کە خزمەت بە ئیستا و ئایندەیان دەگەیەنێت، بەردەوامیش دەبین لە خزمەتى توێژە جیاوازەکان".


هەواڵی زیاتر