زانا رەحمان، قائیمقامى پێنجوێن: هیچ هێزێکی سیاسیی هێندەی گۆڕان بەرنامەکەی رون و لە خزمەتی خەڵکدا نەبوە
26/10/2023
قائیمقامی
پێنجوێن رایدەگەیەنێت؛ هیچ هێزێکى سیاسى بەرنامەکەى هێندەى بەرنامەى بزوتنەوەى گۆڕان
رون و شەفاف نەبوە، دەشڵێت: بزوتنەوەى گۆڕان هەرگیز داواکارى نایاساییان لێ نەکردوم.
زانا رەحمان،
قائیمقامی قەزای پێنجوێن لە بەرنامی (بەڕونی) کەناڵی کەی ئێن ئێن باسی لە کێشە و
گرفتەکان و خۆشەویستی خەڵک بۆ بەرپرسان کرد و وتی: خۆشەویستى خەڵک بۆ بەرپرسان بەهۆى
متمانەوە دروست دەبێت و منیش ئەم فەرمانگەیەم کردوە بە ماڵى هەمو دەنگ و رەنگەکان دەشڵێت:
"ئێمە نوێنەرایەتى هێزێکى سیاسى دەکەین کە بەڵێنى گۆڕانکارى بە خەڵکداوە، هەروەها
وەکو بەرپرسانى بزوتنەوەى گۆڕان لەحکومەتى خۆجێیدا کەمترین گلەییمان لەسەرە".
سەبارەت
بە پاڵپشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆی و هەروەها سەربەتکردنی لە کارەکانیدا، زانا رەحمان
لەو روەوە وتی، "بزوتنەوەى گۆڕان لە روى مەعنەوییەوە هاوکارو پاڵپشتمان بوە،
هەرگیز داواکارى نایاساییان لێ نەکردوە، تەنانەت لایەنەکانى دیکە پێمان دەڵێن ئێوە
لە گۆڕان ئازادتر و دەستکراوە ترن لەکارکردن، ئەوە جگە لەوەی بەردەوام بزوتنەوەى گۆڕان
پشتگیرى خۆپیشاندانەکانى ئەمساڵى پێنجوێنى کرد، لەگەڵ ئەوەشدا بزوتنەوەى گۆڕان سەرى
بەرزە بە نوێنەرەکانى لە ئیدارەى خۆجێیدا".
هەروەها رەخنەی لە بەشێک لە پەرلەمانتارانی بزوتنەوەکە
گرت کە وەفایان بەرامبەر بزوتنەوەى گۆڕان و خەڵکیش نەبو، لەکاتێکدا بە رەنجی شانی
خەڵک چونە ئەو شوێنان، تەنانەت بەشێکیان سەنگەریان گواستەوە و کوتلەیان دژی بزوتنەوەکە
دروست کرد، لەکاتێکدا هیچ هێزێکى سیاسى بەرنامەکەى هێندەى بەرنامەى بزوتنەوەى گۆڕان
رون و شەفاف نەبوە.
سەبارەت بە
داواکارییەکانى خەڵکى پێنجوێن و هەوڵەکانى قائیمقام و بەدەمەوە هاتنى حکومەت، زانا
رەحمان دەڵێت: بەردەوام داواکاریمان بۆ ئەنجامدانى پرۆژە بۆ حکومەت ناردوە بەڵام بەبیانوى
جیاواز داواکانمان رەتکراوەتەوە، وێڕای ئەوەی داوامانکردوە لە داهاتى مەرزەکان بەشى
پێنجوێن بدرێت.