هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانیه‌كانی‌ توركیا؛ (31)ی ئازاری (2019)

29/03/2019

رۆژی (31)ی ئازاری (2019) نۆزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەرێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە یەكەم هەڵبژاردنی شارەوانییەكان کە لەژێر سایەی سیستەمی سەرۆكایەتیدا ئەنجام دەدرێت. ئەم خاڵەش سیماو تایبەتمەندییەکی جیاوازی بەم هەڵبژاردنە بەخشیوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا لە خولەکانی رابردودا.

(هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا: 31ی ئازاری 2019) نوێترین لێکۆڵینەوەی شیکاری ژوری تویژینه‌وه‌ی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانە، کە لەلایەن گەیلان عەباسەوە ئامادەکراوەو تیایدا تیشک خراوەتەسەر؛ مێژوی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و بەشداری پارتە کوردییەکان، لە بەشێکی دیکەدا دۆخی ئێستای شارەوانییەکانی باکوری کوردستان، هەدەپە و ئامانجی هەڵبژاردنی شارەوانیەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم بانگەشەی هەڵبژاردنی هەدەپە رونکراوەتەوە.

هەڵبژاردنە شارەوانی و خۆجێیەکانی تورکیا پێنج ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێن، لەم هەڵبژاردنەشدا (12) پارتی سیاسی و ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ کێبرکێ دەکەن، بۆ بەدەستهێنانی  زۆرترین سەرۆکی گەورە شارەوانیەکان، شارەوانی شارەکان، ئەنجومەنی شارەوانییەکان و بەرپرس و موختاری ناوچەکان لە تەواوی پارێزگاکانی تورکیادا.

لەم هەڵبژاردنەدا پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە نوێنەرایەتی حەوت پارتی دیکەی باکوری کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات. هەدەپە لە ئێستادا لەرێی کورسی پەرلەمانییەوە بە سێهەم گەورەترین پارتی تورکیا هەژمار دەکرێت، لێرەشەوە چاوەروان دەکرێت کە هەدەپە بتوانێ جیاواز لە ئەزمونی پارتە کوردییەکانی دیکەی وەک (هادەپ، دەهەپە، دەتەپە، دەبەپە) کە لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردودا بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیایان کردوە، زۆرترین رێژەی دەنگ و شارەوانییەکانی باکوری کوردستان و تورکیا بباتەوە.
هەدەپە زیاتر ئامانجی بردنەوەی شارەوانیەکانی باکوری کوردستانە، لەسەر ئاستی تورکیاش ئامانجی شکست هێنانە بەهاوپەیمانی گەل (ئەکەپەو مەهەپە)، لەو پێناوەشدا کاندیدی بۆ بەشیک لەشارەوانیە گەورەکانی خۆرئاوای تورکیا دیاری نەکردوە، تا بەپشتگیریکردنی کاندیدەکانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە بتوانێ رۆڵ ببینێت لەشکستهێنان بە ئاکپارتی و مەهەپەی هاوپەیمانی.

لەم هەڵبژاردنەدا دو سیناریۆ چاوەروان دەکرێت، سیناریۆی یەکەم خۆی لە بردنەوەی بەرەی هاوپەیمانی گەل (ئەکەپە و مەهەپە) دا دەبینێتەوە. سیناریۆی دوەمیش خۆی لەسەرکەوتنی بەرەی هاوپەیمانی میللەت (جەهەپە و ئیی پارت) و هێزەکانی دیکەی وەک هەدەپەدا دەبینێتەوە. بێگومان بردنەوەش لەم هەڵبژاردنەدا، بەواتای بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی تورکیا، لەروی رێژەو ژمارەو بردنەوەی شارەوانیەکان، بەتایبەتی شارەوانیە گەورەکانی تورکیا.

سیناریۆی یەکەم، واتە بەردەوامیدان بە حوکمڕانی و سەرکەوتنەکانی هەدەپە کە ١٧ ساڵە لە تورکیادا بەردەوامی هەیە، لەبەرامبەر شکستێکی دیکە بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا. بردنەوەی ئاکپارتی لەم قۆناغەدا هۆکار دەبێت بۆ رەگ داکوتانی سیستەمی سەرۆکایەتی لە تورکیادا. هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ئەمە بە مەترسی دەبینن بۆ ئایندەی تورکیا. لەروی سیاسی و ئابوری و سەربازییەوە. لەحاڵەتی رودانی سیناریۆی دوەمدا، کە ئەگەرو چانسی رودانی دورترە لە سیناریۆی یەکەم. واتە لەحاڵەتی بردنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیشدا، چاوەروانی دو ئەگەر دەکرێ.

ئەگەرێکیان پێدەچێ دۆخێک لەتورکیادا بێتە کایەوە هاوشێوەی ئەو دۆخەی دوای هەڵبژاردنەکانی ٧ حوزەیرانی ٢٠١٥ هاتە گۆڕێ. بەتایبەت پاش شکستهێنانی ئاکپارتی لەو هەڵبژاردنەدا. لەبەرامبەردا پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی وەک هەدەپە توانی ٨٠ کورسی پەرلەمانی لەسەر حسابی ئاکپارتی بەدەستبهێنێت. لەبەرامبەردا هیچ پارتێکی تورکیاش نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەر بکات، ئەم دۆخەش چوار مانگ بەردەوامی هەبو، تا دواجار حکومەتی تورکیا بریاریدا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەتورکیادا. ئەوەبو سەرئەنجام ئاکپارتی توانی لەو هەڵبژاردنەدا زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنیتەوە. بۆیە ئەگەری دوبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لەم سیناریۆیەدا چاوەروانکراوە. ئەگەری دوەمیش واتە ئاکپارتی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن قبوڵ بکات، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئۆپۆزسیۆن دوای ١٧ ساڵ توانی هەژمونی ئاکپارتی روەو کەمبونەوە ببات



دەقی لێکۆڵینەوە شیکاکلیک لێرە بکە رییەکە بە پی دی ئێف

 

 


هەواڵی زیاتر