وەزیری ئاوەدانکردنەوە: ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتی ھاوڵاتیان درێغی ناکەین

30/10/2023

وەزیری ئاوەدانکردنەوە رێگای پردی سماقوڵی دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ ئەم پڕۆژەیە بەشیکە لە داواکارى خۆپیشاندەرانى ئەم سنورە کە بە خۆشحاڵیەوە زۆربەیانمان جێبەجێکردوە و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتی ھاوڵاتیان درێغی ناکەین، کە لە چوارچێوەیەدا ئەم رێگایە هەیە کە لەمەودوا هاوڵاتیان بەشێوەیەکى ئاسان و سەلامەت هاتوچۆى پێدا دەکەن.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە وتەیەکدا لە کردنەوەى رێگای پردی بەنداوی سماقوڵی لەسەر رێگای (سماقوڵی – ھیزۆپ) رایگەیاند؛ ئەم پڕۆژەیە ئاستەنگی ھاتوچۆی ھاوڵاتیان لە سنورەکە چارەسەر دەکات و ھاتوچۆیەکی ئاسان بۆ ھاوڵاتیان لە نێوان ھەولێر و سلێمانی دەستەبەر دەکات کە پێشتر هەمیشە گرفتى هاتوچۆ بۆ هاوڵاتیان دروست دەبو، بەڵام لەمەودوا هاوڵاتیان بەشێوەیەکى ئاسان و سەلامەت هاتوچۆى پێدا دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە داواکاری دانیشتوانی سنورەکە کە لە ماوەکانی رابردو بەشێوازێکی مەدەنیانە خۆپیشاندانیان کردبو، بۆیە ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتی ھاوڵاتیان درێغی ناکەین.

پڕۆژەکە پێکھاتوە لەدروستکردنی رێگایەک بەدرێژی ٢.٧کم، کە دو بەش و ژمارەیەک ئاوبەری سندوقی و لولەیی و ھێڵکاری بۆ رێگاکە لەخۆ دەگرێت لەگەڵ دیوارە راگرەکانی، کۆی گشتی گوژمەی پڕۆژەکان زیاتر لە دو ملیار دینارە.

لە وتەکەیدا وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وتیى: ئومێدەوارم پێکەوە بە یەکڕیزى خزمەتى کوردستانمان بکەین و مافە دەستورییەکانیشتیمان لە چوارچێوەى عێراقى فیدراڵ دەستەبەر بکەین کە بەداخەوە لە چەند مانگى رابردودا گرفت بۆ بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان دروست بووە، چونکە هەرێمى کوردستان بەبێ وەرگرتنى مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکان وەک پێویست و ئەوەى لەسەر شانیەتى خزمەت بکات "بۆیە گرنگە بەیەکەوە کاربکەین و سوربین لە دەستەبەرکردنى مافە دەستورییەکانمان لە چوارچێوەى عێراقى فیدراڵ".


هەواڵی زیاتر