کوێستان محەمەد: لە سەرجەم قەزاکان سەنتەرى ئۆتیزم دەکەینەوە

02/11/2023

وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى رایدەگەیەنێت؛ بۆ هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە سەنتەری ئۆتیزممان لە قەزای بازیان کردەوە، لەم کابینەدا لەچەند قەزایەک سەنتەرمان کردوتەوە و کاردەکەین بۆئەوەى لە سەرجەم قەزاکان سەنتەرى ئۆتیزم بکەینەوە.

ئەمرۆ پێنجشەممە (2/11/2023)، لە وتەیەکدا لەکاتى کردنەوەى سەنتەرى ئۆتیزم لە قەزاى بازیان، رایگەیاند: بۆ هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە سەنتەری ئۆتیزمیان لە قەزای بازیان کردەوە کە (١٦) منداڵی سنورەکەی لەخۆگرتووە و ئامادەی لەخۆگرتنی (٥٠)  منداڵیان هەیە.

وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى وتیشى: بەداخەوە ژمارەى منداڵى ئۆتیزم لە زیادبوندایە، بۆیە هەوڵمانداوە زۆر ئیشى لەسەر بکەین، لەم کابینەیەدا لە پارێزگاى هەڵەبجە و لە کۆیە و حاجیاوا و ئیستاش لە بازیان سەنتەرى ئۆتیزممان کردوەتەوە بە هاوکارى دڵسۆزان، دەمانەوێت لە زاخۆ و سۆرانیش سەنتەرى ئۆتیزم بکەینەوە و لە کفریش کارمان کردوە بۆ کردنەوەى سەنتەرێکى ئۆتیزم، دەمانەوێت لەگەڵ کەرتى تایبەت پێکەوە لەسەرجەم قەزاکان سەنتەرى ئۆتیزم بکەینەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد کە رێنمایی سەنتەرى ئۆتیزمیان بەشێوازێک هەموار کردوتەوە کە ئاسانکارى تێدایە و هەمو منداڵێکى ئۆتیزم لە هەمو نەخۆشخانەکان چارەسەرى بێ بەرامبەرە، ئەوەشى پێمان بکرێت بۆ سەنتەرى ئۆتیزم و هاوکاریکردنیان درێغى ناکەین.


هەواڵی زیاتر