د. موحسین ئەدیب: پێویستە لەپێناو دۆزى کورد و پرسە نەتەوەییەکەیدا تایبەتمەندى زیاتر بە سلێمانى ببەخشرێ و خزمەت بکرێ
09/11/2023
بەڕێوەبەرى گشتى رۆشنبیرى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ سلێمانى
تەوژمێکى مەعریفیە و پارێزگارى لە ناسنامەى کوردبون کردوە و بە تەمەنێکى کەمەوە ئامادەیی
گەورەى رۆشنبیرى و هونەرى و سیاسى هەیە و کاریگەرى لەسەر ناوچەکە دروستکردوە،
دەشڵێت: لە سلێمانى قەیرانى دارایی و ئابورى و سیاسى و بەڕێوەبردنمان هەیە، بەڵام
قەیرانى رۆشنبیرى و کەلتوریمان نییە.
د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەرى گشتى رۆشنبیرى سلێمانى، ئاماژە
بەوە دەکات کە ئەمساڵ هەفتەیەک چالاکیان دەبێت بۆ یادى
سلێمانى کە لە (12)ى مانگەوە چالاکییەکان دەستپێدەکات و ئەوەش دەخاتەڕو کە یادى
سلێمانى یادى تەنها شارێک نییە، بەڵکو یادى کورد و کورد بوونە، چونکە سلێمانى پارێزگارى
لە ناسنامەى کورد کردوە، بە تەمەنێکى کەمەوە ئامادەیی گەورەى هەیە و کاریگەرى
لەسەر ناوچەکە دروستکردوە، سلێمانى تەمەنى زۆر نییە، بەڵام "گەنجیەتیەکەى خاڵى
هێزیەتى و یەکێکە لەو شارانەى ئامادەیی بەهێز و زۆرى هەیە، تەوژمێکى مەعریفیە و
توانیویەتى پێکەوەژیانێکى بەهێز و شوناسى کوردبونى خۆى بەباشى پارێزگارى لێبکات،
جگە لەوەى لە کایە جیاوازەکاندا کەسایەتى زۆرى بەرهەمهێناوە کە خزمەتى کوردستان و
گوتارى کورد بونیان کردوە و ئێمەش بە ئەرکى خۆمان دەزانین تەقدیریان بکەین".
پەیوەست
بە دۆخى شارەکە، بەڕێوەبەرى گشتى رۆشنبیرى دەڵێت: لە سلێمانى قەیرانى دارایی و
ئابورى و سیاسى و بەڕێوەبردن هەیە، بەڵام قەیرانى رۆشنبیرى و کەلتوریمان نییە، بەشێوەیەک
لە دو ساڵى رابردودا زۆرترین چالاکى جۆراوجۆمان بە کوالێتى باش ئەنجامداوە بەراورد
بە پارێزگاکانى دیکە، بەڵام هێشتا لە ئاست چاوەڕوانى و خواستى ئێمەدا نییە و
دەمانەوێت کارى زیاتر بکەین".
د.
موحسین ئەدیب باس لەوە دەکات کە نازناوى شارى رۆشنبیرى نەکراوەتە دەرفەت بۆ
خزمەتکردنى کایەى رۆشنبیرى شارەکە بەشێوەیەک کە لە (2013)ەوە سلێمانى ئەم نازناوەى
لەلایەن پەرلەمانەوە پێدراوە، بەڵام وەک پێویست لەلایەن دەسەڵاتى جێبەجێکردنەوە
هەقى خۆى نەدراوەتێ و تێر نەکراوە، ئەگەرنا "پێویستە هەمو فێستیڤاڵە هونەرى و
رۆشنبیرییە گەورەکان لە سلێمانى بێت، چۆن پێویستە بابەتە گەشتیارییەکان لە دهۆک بێ،
بۆنمونە پێویستبو داوا لە کۆنسوڵخانەکان بکرایە گۆشە رۆشنبیرییەکانیان لە سلێمانى
بوایە و وەزارەتى رۆشنبیرى لە سلێمانى بوایە".
بەڕێوەبەرى
گشتى رۆشنبیرى دەڵێت: یونسکۆ ناسنامەى شارى داهێنەرى ئەدەبى بە سلێمانى پێبەخشیوە
کە دەتوانین لە روى سیاسى و دیپلۆماسییەوە زۆر سود لەم بابەتە وەربگرین، ئەگەر لەدواى
راپەڕینەوە تەرکیزمان لەسەر ئەدەب و هونەر بوایە ئێستا خاوەنى کیانێکى بەهێزتر دەبوین.
دەشڵێت:
پاڵپشتیکردنى رۆشنبیرى و هونەر فەرهەنگ و ئەدەبى سلێمانى خزمەتى کوردستان و گوتارى
نەتەوەیی و نیشتیمانى و کوردستانى دەکات، بۆیە داوام لە کاربەدەستانى حکومەت
ئەوەیە گەورەتر لە حیزب و ناوچەیەک سەیرى سلێمانى بکەن، چونکە تایبەتمەندى سلێمانى
ئەم بابەتەیە کە هێندەى هەر چوارپارچەى کوردستان شانۆکار و میدیاکار و هونەرمەند و
رۆشنبیرى بەرهەمهێناوە، بۆیە پێویستە لەپێناو دۆزى کورد و پرسە نەتەوەییەکەیدا تایبەتمەندى
زیاتر بە سلێمانى ببەخشرێ".