شاندێکى گۆڕان سەردانى مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتی دەکات
26/11/2023
شاندێکى بزوتنەوەی گۆڕان سەردانى مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەکات و چەند پرسێکى پەیوەست بە سەندیکا و رێکخراوەکان تاوتوێ دەکەن و جەخت لە پێویستى خستنەگەڕى هەمو هەوڵەکان دەکەن بۆ جێبەجێکردنى داواکارییەکانى مامۆستایان و دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى خوێندن.
ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٦|١١|٢٠٢٣) شاندێکى بزوتنەوەى گۆڕان لە سەرپەرشتیارانى ژورى هەڵبژاردن و ژورى پەیجورى و سەرپەرشتیار و لیژنەى باڵای ڕایەڵەی مامۆستایان سەردانى بارەگای مەكتەبی سیاسی یەکێتى نیشتیمانى کوردستانیان کرد لە هەولێر و لەگەڵ لێپرسراوی مەكتەبی ڕێكخراوەدیموكراتییەكان لێپرسراوی بۆردی ڕێكخراوەپیشەییەکان و ژمارەیەک لە ئەندامانى مەکتەبەکە کۆبونەوە.
لە کۆبونەوەکە خواست و داواكارییەكانی مامۆستان خرانەڕوو، هەردوولا هاوڕابون هەمو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ جێبەجێكردنی ماف و داواكارییەكانی مامۆستایان بۆئەوەى پڕۆسەى خوێندن دەستپێبکاتەوە، هاوکات گفتوگۆ کرا لەبارەى دۆخى سەندیکا و رێکخراوە پیشەییەکان و میکانیزمەکانى كۆنگرە و هەڵبژاردنەکانیان.