وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى: بۆ چارەسەرى چەند کێشەیەکى کۆمپانیاکان و بەشەخۆراک و ئارد سەردانى بەغدامان کرد

26/12/2023

وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵنگارییەکانی کارکردنی نێوان هەردولا و ئاسانکردنی ڕێکار و مامەڵە هاوبەشەکان و کۆمپانیاکان سەرادانى بەغدامان کرد و لەگەڵ وەزیرى بازرگانى حکومەتى ئیتیحادى کۆبوینەوە.

دواى ئەوەى وەفدى وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتى کەمال موسلیم سەردانى بەغدایان کرد و لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانى باڵاى وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ کۆبونەوە، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم لەبارەى ناوەڕۆک و ئامانجى سەردانەکەوە رایگەیاند: بۆ چارەسەرى کۆمەڵێک کێشە و گیر و گرفت سەردانى بەغدامان کرد، لەوانە زیاتر لە (1500) کۆمپانیا هەن کە داوامانکرد وەک هاوتاکانیان لە ناوچەکانى دیکە سودمەندبن لە خزمەتگوزارییەکان و زۆرینەی گرفت و کێشەکانی نێوان هەردوو وەزارەت باسیان لێوەکرا و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنمان خستەڕو چەند خاڵێکی گرنگیش بۆ چارەسەر بڕیاری لەسەر درا.

وتیشى: پەیوەست بە بابەتی گەنم و شایستە داراییەکان و ڕێکخستنەوە و باشتر ئەنجامدانی پرۆسەکە لە ئایندەدا گفتوگۆمان کرد بۆئەوەى هەوڵبدرێت کەموکوڕیەکان لەبابەتی سەبەتەی خۆراکی و بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان چارەسەربکرێ، بۆ بابەتی کۆمپانیاکانی دەرمانیش کە تائێستاش لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ڕێگەپێدانی پەڕاوی بەراییان بۆ نەدەکرا، لەئەنجامی گفتوگۆ و لێکتێگەشتن و داواکاری ئێمە توانرا بگەینە ئەو بڕیارەى لەمەودوا پەڕاوی تۆماری بەراییان لەبەغدا بۆبکرێت کە بەم تۆمارکردنە دەتوانن سەکۆی ئەلیکترۆنی بەکار بهێنن  و لە ڕێگەیەوە کۆمپانیاکانی دەرمان مامەڵەی دراوەکانیان بکەن.


هەواڵی زیاتر