جێگرى سەرۆکى هەرێم بۆ کۆنسوڵى بەریتانیا: جێبەجێکردنی دەستوور، زامنی بەدیهێنانی مافی هەموو پێکهاتەکان و کلیلی چارەسەری کێشەکان

01/02/2024

مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ کۆنسوڵى گشتى بەریتانیادا ئاماژە بە کێشەی بودجە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان، ئاڵنگارییەكانی بەردەم ڕێکكەوتنی هەولێر ـ بەغدا دەکات و رایدەگەیەنێت: جێبەجێکردنی دەستوور، زامنی بەدیهێنانی مافی هەموو پێکهاتەکان و کلیلی چارەسەری کێشەکانی ئەمڕۆیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (١/٢/٢٠٢٤)، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەیمس گۆڵدمان، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و لەدیدارێکدا، وێڕای پیرۆزباییی دەستەبەکاربوون و پشتیوانی لە ئەرکە نوێیەکەی، جێگری سەرۆكی هەرێم دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و کێشەی بودجە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان، ئاڵنگارییەكانی بەردەم ڕێکكەوتنی (هەولێر ـ بەغدا)ى خستەڕو، هاوکات پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، شەفافییەت و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

جێگری سەرۆک باسی لە ڕۆڵ و پشتیوانیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و فراوانترکردنی پەیوەندیی لەمێژینەی هەردوولا لەسەر هەموو ئاستەکان بە گرنگ زانی، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق، زامنی بەدیهێنانی مافی هەموو پێکهاتەکان و کلیلی چارەسەری کێشەکانی ئەمڕۆیە.

هەردوولا هاوڕابوون کە شەفافییەت لە حکومڕانی و داهات و کۆکردنەوە و چۆنیەتی خەرجکردن، هەروەها یەکڕیزیی لایەنەکان بە ئامانجی ستراتیژێکی نیشتمانی و دامەزراندنی سووپایەکی نیشتمانی، قەڵغانی پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە.


هەواڵی زیاتر