جێگری سەرۆکی هەرێم: پێویستە هەنگاوی خێراتر بنرێ بۆ چاکردنی دۆخی ژیانى هاوڵاتیان و کۆتاییهێنان بە کێشەی موچە
06/02/2024
جێگری سەرۆکی
هەرێم، لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ کۆنسوڵى گشتى ئەمەریکا، جەخت لە بایەخی یەکڕیزی ناو
ماڵی کورد و لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ پێویستە هەنگاوی خێراتر
بنرێن بۆ چاکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و کۆتاییهێنان بە کێشەی موچە و لێکەوتە
خراپەکانی لە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگی بەردەوامەوە لەگەڵ ناوەند، دەشڵیت: جێبەجێکردنی
دەستور و فیدڕاڵیەت لە چوارچێوەی عێراقدا، سەقامگیری سیاسی و مافی هەموو پێکهاتەکان
دەستەبەر دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە (٦/٢/٢٠٢٤)، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی
هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک سترۆ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و
وەفدێکی یاوەری کرد و لە دیدارێکدا، باس لە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق
و ناوچەکە کرا، تیشک خرایە سەر کێشە و ئاڵنگارییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کێشەی
بودجە و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یەکڕیزی و یەکخستنی لایەنەکان و
پاراستنی ئاسمان و سەروەری هەرێم و عێراق و پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە و قەیرانی دارایی گفتوگۆیان لەبارەوە کرد.
جێگری سەرۆکی
هەرێم، جەختیکردەوە لەسەر بایەخی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد و لایەنە سیاسییەکان، هەوڵەکانی
دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی لەو پێناوەدا بەگرنگ وەسفکرد.
هەردولا
هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەنگاوی خێراتر بنرێن بۆ چاکردنی دۆخی ژیان و
گوزەرانی هاوڵاتیان و کۆتاییهێنان بە کێشەی موچە و لێکەوتە خراپەکانی لە رێگای
گفتوگۆ و دیالۆگی بەردەوامەوە، هەروەها جێبەجێکردنی دەستور و فیدڕالیەت لە چوارچێوەی
عێراق، سەقامگیری سیاسی و مافی هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر دەکات.
لە کۆتایدا،
جێگری سەرۆکی هەرێم، سوپاسی هەوڵەکانى ئەمەریکای کرد بۆ پشتیوانیکردنی عێراق و هەرێمی
کوردستان .