جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان: پێویستە یاسای وەزارەتی پێشمەرگە هەمواربکرێتەوە بەشێوەیەک لەگەڵ واقعی ئێستا بگونجێت

07/02/2024

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ڕاوێژکاری تایبەت بۆ کاروباری بەرگری بەریتانیا، رایدەگەیەنێت؛ پێویستە یاسای وەزارەتی پێشمەرگە هەمواربکرێتەوە و یاسایەک بەرکاربێت لەگەڵ واقعی ئەمڕۆ بگونجێت و پەلە بکرێت لە دروستکردنی سوپایەکی دامەزراوەیی و نیشتمانی.

ئەمڕۆ،چوارشەممە (٧/٢/٢٠٢٤)، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئۆفیسی خۆی لە هەولێر، پێشوازی کرد لە عەقید تیم کەیڤ-گیبس ڕاوێژکاری تایبەت بۆ کاروباری بەرگری بەریتانیا و لە دیدارێکدا، بەوردی بیروڕا ئاڵوگۆڕاکرا لەسەر هەنگاوەکانی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەدورودرێژی چۆنیەتی چاکسازی و دروستکردنی هێزێکی دامەزراوەیی و نیشتمانی و ئاڵنگارییەکان و هەلومەرجی سیاسی و سەقامگیری ئەمنی گفتوگۆکرا.

لاى خۆیەوە جێگری سەرۆکی هەرێم جەختیکردەوە کە پێویستە یاسای وەزارەتی پێشمەرگە هەمواربکرێتەوە و یاسایەک بەرکاربێت لەگەڵ واقعی ئەمڕۆ بگونجێت، بەگرنگیشی زانی بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە پەلە بکرێت لە دروستکردنی سوپایەکی دامەزراوەیی و نیشتمانی.      

هەردولا هاوڕابوون لەسەر یەکڕیزی و یەکخستنی هەوڵ و توانای لایەنە کوردییەکان و چاوپۆشی لەسەر جیاوازییەکان، بە مەبەستی پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێم و ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵنگاریەکان و مەترسییەکانی ناوچەکە.


هەواڵی زیاتر