هەڵۆ سەڵاح: مەبەستمانە ئاڕاستەى کارکردن لە پڕۆژەى نیشەجێبونەوە بۆ پڕۆژە لە سێکتەرەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵى و گەشتوگوزارى بگۆڕین

14/02/2024

بەڕێوەبەرى گشتى لێکۆڵینەوە و زانیارى لە دەستەى وەبەرهێنان رایدەگەیەنێت؛ مەبەستمانە ئاڕاستەى کارکردن لە پڕۆژەى نیشەجێبونەوە بۆ پڕۆژە لە سێکتەرەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵى و گەشتوگوزارى بگۆڕین و داواشمان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا کردوە زانکۆکان کۆمەڵێک توێژینەوە لەسەر کەرتى وەبەرهێنان بکەن بۆئەوەى سودى لێببینین بۆ ئایندە و پێشخستنى کەرتەکە بەجۆرێک لەسەر بنەماى زانستى و توێژینەوە کەرتى وەبەرهێنان پێشبخەین و هەلى کار بڕەخسێنین و پێداویستییەکانى ئەم قۆناغەى ئێستا و داهاتوى هەرێمى کوردستان بخرێنە پلانە کورتخایەن و درێژخایەنەکانمانەوە.

هەڵۆ سەڵاح قەزاز، بەڕێوەبەرى گشتى لێکۆڵینەوە و زانیارى لە دەستەى وەبەرهێنان بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: بە نوسراوى فەرمى داوامان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردوە کۆمەڵێک توێژینەوەى گرنگ لە بوارى وەبەرهێنان لە زانکۆکانى کوردستان
ئەنجام بدرێت بەمەبەستى رۆڵ بینین لە پڕۆسەى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان و بۆئەو مەبەستەش لیستێکمان بە (36) ناونیشان ئاڕاستەى وەزارەتى پەیوەندیدار کردوە بۆئەوەى لەلایەن تویژەرانى ئەکادیمییەوە کاریان لەسەر بکرێت و ئیمەش پڕۆژەکانى وەبەرهێنان لەو بوارانەدا چڕ بکەینەوە و ئەنجامەکانى توێژینەوەکان لەبەرچاو بگرین و دواتر بە سودى گشتى و خەڵک و پڕۆسەى وەبەرهێنان بشکێتەوە.

وتیشى: لەگەڵ خودى هەندێک لە زانکۆکانیش کۆبونەوە و دیدارمان ئەنجامداوە، دەمانەوێت پشتبەست بە رێگەى زانستى و ئەنجامى توێژینەوەى ئەکادیمى کار بکەین و سود لە ئەنجامەکانیان ببینین و لەسەر ئەو بنەمایانە پلان دابنێین و کاربکەین بە ئامانجى رەخساندنى هەلى کار و پێداویستى کۆمەڵگە پلان بۆ کارى وەبەرهێنان دابڕێژین.

دەشڵیت: مەبەست و هەنگاو و هەوڵەکانیشمان بۆئەوەیە فۆکەسى سەر پڕۆژەکانى وەبەرهێنان لە سێکتەرى نیشەجێبونەوە بخرێنە سەر پڕۆژەى دیکە لە سێکتەرەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵى و گەشتوگوزارى، بۆهەمان مەبەست هانى وەبەرهێنەرانى ناوخۆ و بیانى دەدەین بەو ئاڕاستەیە کاربکەن و بەپێى یاسا و رێنماییەکانیش ئاسنکارى پێویستیان بۆ دەکەین کە لەو سێکتەرانەى دیکە کاربکەن، بەوپێیەى زەمینەى لەبار هەیە بۆ ئەو سێکتەرانە لە هەرێمى کوردستان و جموجۆڵیش دەخاتە ناو بازاڕ و بوژاندنەوەى ئەو سێکتەرانە و فرەچەشن کردنى داهاتیش.


هەواڵی زیاتر