مستەفا سەید قادر: دواخستنی هەڵبژاردن مەترسی لەسەر سەقامگیری قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دروست دەکات
20/02/2024
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ پێویستە
هەڵبژاردن لە نزیکترین وادەدا بەڕێوەبچێت و دواخستنی ئەو پڕۆسەیە مەترسی لەسەر
سەقامگیری قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ ئەمیر ئارەین، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هاوکاری هەڵبژاردنی یۆنامی لە
عێراق و شاندی یاوەری تاوتوێى بارودۆخ و پێشهاتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و
عێراق کرا، هاوکات بەوردی تیشک خرایە سەر گرنگی و بایەخی ئەنجامدانی هەڵبژاردن،
ناکۆکی لایەنەکان و میکانیزم و شێوازی هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردنی
پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
بەپێى راگەیەندراوى کۆبونەوەکە؛ هەردولا هاوڕابوون لەسەر
پێویستی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی لەنزیکترین کاتدا و مەترسی خۆشیان
نەشاردەوە بەهۆی کاریگەریی و لێکەوتە خراپەکانی زیاتر دواخستنی ئەم پرۆسەیە لەسەر
داهاتوی سیاسی و ئەمنی و سەقامگیری قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان.
نوێنەری یۆنامی ڕۆڵی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بەرز
نرخاند لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا لە پێناوی چارەسەری کێشە و لەمپەڕەکانی بەردەم
پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.