وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى: کارى لیژنەکانى چاودێریمان چڕ کردوەتەوە بۆ رێگرى لە خۆراکى خراپ و گرانکردنى نرخ

11/03/2024

وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى لە یەکەم رۆژى مانگى رەمەزاندا بەشێوەیەکى مەیدانى سەردانى ناوبازاڕ دەکات بۆ چاودێریکردنى بڕ و نرخى خۆراک و کاڵا و شمەک و رایدەگەیەنێت؛ لە مانگى رەمەزاندا کارى لیژنەکانى چاودێرى بازرگانى چڕتر دەکەینەوە و تا پارشێو بەدواداچون بۆ چاودێریکردن بەردەوام دەبێت لەپێناو رێگرى لە خواردەمەنى و کاڵاى خراپ و گرانکردنى نرخ و قۆرخکارى.

ئەمڕۆ دوشەممە (11/3/2024)، کەمال موسلیم وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێم بەشێوەیەکى مەیدانى سەردانى ناوبازاڕى شارى هەولێرى کرد بە ئامانجى گەیاندنى پەیامى چاودێریکردنى بازاڕ لە روى نرخ و رێگرى لە کاڵا و خواردەمەنى خراپ لە مانگى رەمەزاندا و لەوبارەیەوە رایگەیاند: هاتوین لە نزیکەوە چاودێرى بازاڕ بکەین و بزانین هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخ رویداوە، لەمانگى رەمەزاندا کارى لیژنەکانى چاودێرى بازرگانیمان زیاد و چڕ کردوەتەوە بۆ رێگرى لە قۆرخکارى و گرانکردنى نرخ و رێگرى لە خۆراکى خراپ بەشێوەیەک رۆژانە تا پارشێو سەردانى شوێنە جیاوازەکان دەکەن و ژمارەى تەلەفۆنى لیژنەکانیش لە هەمو شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بڵاوکراوەتەوە بۆئەوەى ئەگەر هاوڵاتیان هەر سەرپێچیەکیان بینى پەیوەندى بکەن و بەدواداچون و لێپێچینەوە بکرێ.

سەبارەت بە گۆڕانکارى لە دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی مانگانە بۆ مانگی رەمەزان، کەمال موسلیم وتى: لەم مانگەدا چوار جۆر مادەی خۆراكی دیكە بۆ بەشەخۆراک زیاد دەكرێت ئەوانیش؛ ئاردی سفر و شعریە و مەعکەرۆنی و نیشاستەن.


هەواڵی زیاتر