کوێستان محەمەد: خولى جیاجیامان بۆ (نۆ) هەزار و (817) گەنج کردوەتەوە
17/03/2024
وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: لەساڵی
2023دا هەمو ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتی کار خانەنشین بون 12 موچەیان وەرگرتوە،
بەڵام فەرمانبەرێکی خانەنشین تەنیا نۆ موچەی وەرگرتوە، دەشڵێت: لەرێگەی خولە
جیاجیاکانەوە بەشێکی زۆری گەنجانیان خستوەتە سەرکار.
کوێستان محەمەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم سەردانی کەلار-ی
کرد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەرشەیەکی بەرهەمهێنانی قارچکیان
کردوەتەوە کە لە رۆژانی داهاتو دەرگای وەرشەکە بەروی گەنجاندا دەکرێتەوە و دەتوانن
ببنە خاوەن کاری خۆیان.
هەروەک ئاشکراى دەکات؛ تا ئێستا توانیویانە
خولی جیاجیا بۆ نۆ هەزار و 817 گەنج بکەنەوە، کە 30%ی ئەو گەنجانەی بەشداری
خولەکانیان کردوە ئێستا بونەتە خاوەن شوێنی کار و پیشەی خۆیان.
سەبارەت بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران وەزیری
کار رایگەیاند، بەشێکی زۆر لە خاوەن کارەکان ئامادە نین کرێکارەکانیان دەستبەر
بکەن تەنانەت زانیاری ناڕاست دەدەنە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی کار، دەربارەی
موچەی کرێکارەکانیان لە پێناو ئەوەی کرێکارانیان دەستەبەر نەکەن.
وتیشی، لەساڵی 2023دا هەمو ئەو
فەرمانبەرانەی لە وەزارەتی کار خانەنشین بون 12 موچەیان وەرگرتوە، بەڵام
فەرمانبەرێکی خانەنشین تەنیا نۆ موچەی وەرگرتوە.
دڵنیایش دەداتە هەمو ئەو کرێکارانەی کە دەستەبەری
کۆمەڵایەتی دەکەن، پارەکانیان نافەوتێت و کاتێک تەمەنیان دەگاتە تەمەنی خانەنشینی،
بەبێ پاشەکەوت و لێبڕین موچەی خانەنشینی وەردەگرن.
بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری
كۆمەڵایەتی، كە لە هەرێمی كوردستان كاری پێ دەكرێت، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان 20
ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەن و بۆ ئافرەتانیش 20 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری
كراوە.