عەزیز حەمید: پرسى خاک لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان نەبوەتە کارى لەپێشەینەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و نوێنەرانى کورد

12/05/2024

باژێروانى کەرکوکى بزوتنەوەى گۆڕان، مەترسییەکانى بەردەوامى تەعریب لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت؛ ئەرکى لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانى کوردە لەم پرسەدا یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بن، بەڵام بەهۆى ململانێى ناوخۆیی و حیزبى و پۆست و ئیمتیازاتى حیزبى و کەسییەوە ئەم پرسە نەبوەتە کارى لەپێشەینەیان.

عەزیز حەمید، باژێروانى کەرکوکى بزوتنەوەى گۆڕان، لەبارەى دۆخى کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و ئەو هەڕەشە و مەترسییانەى بۆ تەعریب لەئارادان، ئاماژە بەوە دەکات؛ لەرابردودا و لەسەر دەستى حکومەتە یەکلەدواى یەکەکانى عێراق جۆرێک لە تەعریب لە کەرکوک پەیڕەوکراوە بە بەهانەى جیاواز، بەڵام ئەو پڕۆسەیە لەسەردەستى رژێمى پیشوى بەعس بەچڕى و بەبڕیار دەستیپێکرد و تاپۆى زەوییەکانى کورد گۆڕدرا کە
لەدواى پڕۆسەى رزگارى عێراقەوە ژمارەیەکى کورد گەڕانەوە سەر زەوى و کارى خۆیان، بەڵام نەتوانرا وەک پێویست و بەپێى یاسا ئەو مافە بۆ خاوەن زەوى و مافەکان بگەڕێنرێتەوە و لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە ئەم پرسە پشتگوێخرا و زیاتر ئامانج و تیشکیان لەسەر هەندێک پرسى لاوەکى وەک پۆست و ئیمتیازات بو نەک خاک تا لەدواى (16)ى ئۆکتۆبەرەوە دوبارە عەرەب گەڕانەوە سەر زەوى جوتیارانى کورد.

باژێروانى کەرکوکى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ نوێنەرانى کورد رۆلیان لاوازە و نەیانتوانیوە نوێنەرایەتى راستەقینەى داخوازییەکانى کورد و خەڵکى کەرکوک بکەن لە پرسى کوردستانیبونى ئەو ناوچانە و رێگرى لەو زیادەڕۆیی و هەڕەشانەى لەسەر خاکى کوردستان و جوتیارانى کورد هەیە لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان " کارەبەدەستانى کورد لە بەغدا پرسى تەعریبیان لە کەرکوک و اوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانیان نەکردوەتە کارى لەپێشینەیان، بۆیە پێویستە کیشەى خاک بکرێتە خاڵى یەکەمى کورد لە دانوستانەکان لە بەغدا و نوێنەرانى کورد لە ئەنجومەنى نوێنەران کارى لەسەر بکەن، چونکە ئێستا تەعریب تەنها لە گوندەکانى کەرکوک نییە، بەڵکو چەندین گەڕەکى شارەکە مەترسی تەعریبیان لەسەرە و روبەڕوبونەوەى ئەو دۆخەش پێویستى بە یەکدەنگى و یەکگوتارى هەیە کە تائێستا بەڵام ململانێى ناوخۆیی و حیزبیی رێگرە لەبەردەمیدا".


هەواڵی زیاتر