جێگری سەرۆکی هەرێم: جەخت لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەینەوە
15/05/2024
جێگری
سەرۆکی هەرێم لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆنسوڵى ئەمریکا، جەخت لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە
دەکاتەوە و ئاماژە بە پێویستى دیاریکردنی رۆژێکی نیشتیمانی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات
لە دەستوری داهاتووی هەرێمی کوردستاندا، بۆ ئەوەی چیتر دواکەوتنی ئەم پرۆسەیە نەبێتە
جێگەی مشتومڕ و یارمەتی پەرەپێدانی پرۆسەی دیموکراسی بدات.
ئەمڕۆ
چوارشەمە، ١٥ / ٥ / ٢٠٢٤، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتی
هەرێم، پێشوازی لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی
کوردستان کرد و لە دیدارێکدا، بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیان
تاوتوێ کرد، پرسی سەقامگیری ئەمنی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەرەوپێشچونی
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چارەسەری کێشەی موچە و بودجە و رەنگدانەوەی لەسەر
باش بونی ژیان و گوزەرانی خەڵک و خزمەتگوزارییەکان خرایە بەرباس و جێگری سەرۆکی هەرێم
جەختی لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە.
هەردولا
جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و جێگری سەرۆک بە بایەخەوە
باسی لە دیاریکردنی رۆژێکی نیشتیمانی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن کرد لە دەستوری داهاتووی
هەرێمی کوردستاندا، بۆ ئەوەی چیتر دواکەوتنی ئەم پرۆسەیە نەبێتە جێگەی مشتومڕ و یارمەتی
پەرەپێدانی پرۆسەی دیموکراسی بدات.