مستەفا سەید قادر: کاک نەوشیروان تەمەنی لە خزمەتی میلەتەکەی سەرفکرد و بە گەورەیی ژیا
19/05/2024
لە
یادی حەوت ساڵەی کۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی
کوردستان چەند بەڵگەنامەیەکی گرنگ سەبارەت بە رۆڵی کاک نەوشیروان بۆ باشترکردنی دۆخی
هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و پەردە لەسەر چەند راستییەکی مێژوی لادەدات.
مستەفا
سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند: لە هەمو قۆناغەکانی
خەباتی چەکداری و مەدەنیدا کاک نەوشیروان پرۆژەی بۆ بەڕێوەبردنی شۆڕش و دامەزراوەکان
هەبوە و ئەو کەسایەتییە سیاسیانەی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە ئێستا لە دۆخی
حکومڕانی هەرێمی کوردستان ناڕازین، کاتی خۆی ئەگەر هاوکاربونایە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی
رەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەرێمی کوردستان بەم دۆخەی ئێستا نەدەگەیشت.
دەشڵێت:
ئەو کاتەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لەناو ریزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا
بو، هەوڵێکی زۆری دەدا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی، دوای بێ ئومێدبونیشی لە دۆخەکە،
بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، لەو رێگەیەوە چەندین پرۆژەی بۆ چاکسازی پێشکەش کردوە،
تەنانەت ئەو کاتەشی بزوتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بو چەندین پرۆژەی داوەتە حکومەت بۆئەوەی
خزمەتی خەڵکی پێبکەن، بەڵام جێبەجێنەکران.
جێگری
سەرۆکی هەرێم، چەند بەڵگەنامەیەک لەسەر خەباتی رەوانشاد بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: لە
قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی سیاسی داهێنانی هەبوە، لەو کاتەی کورد ئەنفالکرا بێ ئومێدییەکی
زۆر لە شاخ هەبو، کاک نەشیروان ویستی درێژە بە خەباتی سیاسی بدرێت دوای زنجیرەیەک
کۆبونەوە لەگەڵ هاوڕێیانی نامیلکەیەکی داڕشت بە ناوی (پایەکانی ستراتیژی نوێێ کار)
چوار رێگەی خەباتی دەستنیشانکرد، دوان لەوانە (خەباتی رێکخستن و خەباتی پێشمەرگایەتی)
بون، بۆیە لەناوشار ویستی هێزی چەکدار دروست بکا، لەپێناو درێژەدان بە خەبات.
باس
لەوەشدەکات، ئێستا بەڵگەنامەکان هەموی ماوەی بە ناوی(سوپای رزگاری کوردستان- سرک)،
ئەو کاتە وا لێکدەدرایەوە کە کاک نەشیروان پێدەچێت تاقەتی دریژەپێدانی خەباتی نەمابێت،
بەبەڵگە و نامە بە دەستوخەتی کاک نەوشیروان هەیە، دەیسلمێنین کە ئەو قسانە پێچەوانەکەی
راستە ، لەو کاتەدا نامەیەکی ئاڕاستەی من و لێپرسراوی رێکخراوی ئەو کاتەی سلێمانی
کرد و دەڵێت: "ئەگەر هاتو لە شاخ دەرفەت نەما ئێمە بمێنینەوە، من ناڕۆم بۆ دەرەوەی
وڵات دێمەوە لەگەڵ ئێوە درێژە بە خەبات دەدەم، تکایە دو جێگام بۆ تەرخان بکەن، یەکێک
لە هەولێر یەکێک لە سلێمانی"، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کاک نەوشیروان چۆن ژیانی
لەپێناو خەبات و گەلی کورد تەرخانکردوە.
دەشڵێت:
رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بەردەوام ئامانجی چاکسازی و بە نیشتیمانیکردنی دام و دەزگاکان
و رێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بوە.
مستەفا
سەید قادر،لەسەر بەهێزکردنی رۆڵی دامەزراوەکان و کاڵکردنەوەی حزبایەتی دەڵێت: لە سەردەمی
دو ئیدارەیی پارتی و یەکێتیدا، کاک نەوشیروان بەردەوام داوای دورخستنەوەی بارەگا
حزبییەکانی دەکرد لەناو شار و دەیوت دەبێت ببرێنە دەرەوەی شار و دور لە شوێنی نیشتەجێبونی
هاوڵاتیان، بۆئەوەی هاوڵاتیان بێزارنەبن لەو بارەگا حزبییانە.
جێگری
سەرۆکی هەرێم جەختدەکاتەوە، "کاک نەشیروان بەشێکی گەورەی ژیانی تەرخانکرد بۆ
خەباتی گەل و نیشتیمانەکەی هەمو ئەوانەش بە بەڵگە ماون بیرۆکەی دوربینی هەبوە بۆ وڵاتەکە، پرۆژەکانی و
نوسینەکانی هەموی دیارن و ماون و زیندون.