جەلال جەوهەر: گۆڕان فاکتەری چارەسەر دەبێت

23/04/2019

سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: گۆڕان و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت هەنگاوی باشیان بڕیوە و بۆ چارەسەری کێشەکانیش گۆڕان، فاکتەری چارەسەر دەبێت.

جەلال جەوهەر سەرۆکی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت، سەبارەت بە گرێکوێرەی پێکهێنانی کابینەی نوێی بە رۆژنامەی (زەمەن)ی راگەیاندوە: بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پێکهێنانی حکومەت هەنگاوی زۆریان بڕیوە و رێککەوتون لەسەر زۆربەی پرسەکان، ئەو بابەتەش قابیلی گەڕانەوە و پاشگەزبونەوە نییە.

جەلال جەوهەر رایگەیاند: لەسەر ئەو پرسانەی لەماوەی رابردودا وروژێنراون، بزوتنەوەی گۆڕان فاکتەری چارەسەر دەبێت نەک لەمپەر و ئاستەنگ بۆ بەرەوپێشچونی دانوستانەکان. وتیشی :"دانوستانەکان لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت زۆر چونەتە پێشەوە، بۆیە هەر دەبێت بگەینە ئەنجامێکی باش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم".

سەرۆکی وەفدی دانوستانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد؛ ئێستا پەیوەندییەکی چڕو پڕ هەیە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو خاڵانە بگەنە رێککەوتن کە بەم دواییە وروژێنراون، چونکە ئەو جیاوازیانەی هەن کەمن و هی ئەوە نین ببنە هۆی تێکدانی رێککەوتنەکان.


هەواڵی زیاتر