لەشکرکێشی تورکیا لە سنوری بادینان مەترسیەکی گەورەیە لەسەر هەرێم و ژیان و ئاسایشی هاوڵاتیانی سنورەکە

09/07/2024


ئەنجومەنی قەزای ناوەندی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە سنوری بادینان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی هاوڵاتیانی سنورەکە، دەشڵێت: نیگەرانن لە بێدەنگی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم لەئاست ئەو لەشکرکێشییانە.

لە بەیاننامەیەکدا ئەنجومەنی قەزای ناوەندی بزوتنەوەی گۆڕان سەرەڕای سەرکۆنەکردنی لەشکرکێشییەکانی تورکیا و شەڕ و بۆردومانکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندوە، " بە ئەرکی نیشتمانی خۆمانی دەزانین بێ دەنگ نەبین بەرامبەر گواستنەوەی شەڕ و نائارامی بۆ ناوچەی بادینان و داگیرکردنی ژمارەیەک گوندی سەر سنور و دانانی بازگەی سەربازی و ناچارکردنی دانیشتوانی هەندێک لەو گوندانە تا ناوچەکانی خۆیان چۆڵ بکەن، بێگومان ئەم رەفتارانەش پێشێلکردنێکی بەرچاوی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە".

دەقى راگەیەندراوەکە:
ئێمە لە ئەنجومەنی بادینانی بزوتنەوەی  گۆڕان، سەرکۆنی لەشکرکێشیەکانی تورکیا و شەڕ و بوردومانکردنی ناوچەکەمان وهەرێمی کوردستان دەکەین، وە بە ئەرکی نیشتمانی خۆمانی دەزانین بێ دەنگەنەبین بەرامبەر گواستنەوەی شەڕ و نائارامی بۆ ناوچەی بادینان و داگیرکردنی ژمارەیەک گوندی سەر سنوور و دانانی بازگەی سەربازی و ناچارکردنی دانیشتوانی هەندێک لەو گووندانە تا ناوچەکانی خۆیان چۆڵ بکەن، بێگومان ئەم ڕەفتارانەش پێشێلکردنێکی بەرچاوی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە.

 سەرەڕای تێگەیشتنمان لەو ئاڵنگارییانەی، کە لە سنورەکەمان رودەدات و ڕووبەڕووی ئاسایشی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە ، دەبێت  ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتری و لێکتێگەیشتنی هەبێت لە کاروباری یەکتری، بەپێچەوانەوە بۆمبارانکردن و داگیرکاری و لەشکرکێشیی سەربازی و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان، تووندوتیژیی زیاتر بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە مایەی نائارامی و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە.

 هەروەها چەند نیگەرانین بەرامبەر ئەم پێشێلکاری و داگیرکاری و لەشکرکێشیە سەربازییەی دەوڵەتی تورکیا، ئەوەندەش نیگەرانین لە بێدەنگیی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبەرامبەر ئەو دەستدرێژییانە، هەروەک ئەوەی پێمان بڵین بێدەنگیمان نیشانەی ڕازیبوونمانە بەوەی کە دەگوزەرێت لە سنوری بادینان و تێکدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی قەزای ناوەندی بزوتنەوەی گۆڕان لە بادینان
٩ی ٧ ی ٢٠٢٤


هەواڵی زیاتر