بزوتنەوەى گۆڕان: ئامادەکاری تەواومان کردوە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن
26/08/2024
سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردنی
بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ئامادەکاری تەواویان کردوە و لە هەماهەنگیدان لەگەڵ
کۆى ئۆرگانەکان پەیوەسا بە بەشداری لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان
و دەشڵێت: بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردندا بوە لە وادەى خۆى، پێمانوایە
ئەو بۆشاییە یاساییەى دروستبوە، تەنها بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن پڕدەبێتەوە".
لیژنەی باڵاى هەڵبژاردنەکانى بزوتنەوەى گۆڕان دواین ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان تاوتوێ دەکات و ئۆرگانەکان سەرقاڵى ئامادەکارى و
میکانیزمى جێبەجێکردنى هەنگاوەکانن بۆ بەشدارى لە پڕۆسەکە، لەوبارەیەوە، یاسین حەمەعەلی
سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەى گۆڕان لە
رابردودا زۆر جەختى کردوەتەوە لەوەى ئەو بۆشاییە یاساییەى بەهۆى ئەنجامنەدانى
هەڵبژاردن دروستبوە پڕبکرێتەوە، هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردن بوین لە وادەى
خۆیدا و پێشوازیمان لەو وادانەش کردوە کە لە رابردودا مەرسومیان بۆ دەرچوە، ئیستاش
کە بڕیارە لە ئۆکتۆبەرى داهاتو هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمان بەڕێوە بچێت
هاوشانى رێنماییەکانى کۆمیسیۆن ئامادەکاریەکانمان کردوە و لەگەڵ سەرجەم ئۆرگانەکانیش
لە هەماهەنگى و کارى پێکەوەین بۆئەوەى بە ئامادەکاری چڕ و پڕەوە بەشدارى پڕۆسەکە
بکەین".
سەرپەرشتیارى ژورى هەڵبژاردنى
بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوەش دەکات؛ ئەو بۆشاییە یاسایی و دەستورییەی لەماوەی
رابردودا بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دروست بوە، تەنها بە
ئەنجامدانی هەڵبژاردن پڕدەبێتەوە، بۆیە ئێمەش ئەو ئامادەکارى و پێداویستى و
داواکارییانەى کۆمیسیۆنى هەلبژاردنەکان هەیبوە جێبەجێمان کردوە و لەسەر ئاستی هەر
چوار بازنەی هەڵبژاردن بزوتنەوەی گۆڕان بە (60) کاندید بەشداری پڕۆسەکە دەکات و
ئامادەکارى دیکەشمان پەیوەست بە تەواوى ئۆرگانەکان بەردەوامە، چونکە دەمانەوێت بە
گڕوتینەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەین.