گۆڕان و پارتی له كۆبونه‌وه‌دان... چاكسازیی راسته‌قینه پرسی سه‌ره‌كیی گفتوگۆكانه
06/05/2019
وه‌فدی پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی گه‌یشته مه‌كۆی سه‌ره‌كیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لای خۆشیه‌وه پرسی چاكسازی و یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه و به‌نیشتیمانیكردنی ئه‌و هێزه پرسیی سه‌ره‌كی گفتوگۆكان ده‌بێت و گۆڕان پێداگرییان له‌سه‌ر ده‌كات.
له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌فدی پارتی بۆ سلێمانی كه بڕیار بو له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان كۆببێته‌وه، وه‌فدی پارتی له ئێستادا له‌گه‌ڵ گۆڕان له كۆبونه‌وه‌دان و بڕیار وایه گفتوگۆ بكرێ له‌باره‌ی ناوه‌رۆك و ورده‌كاریی رێككه‌وتنه سیاسییه‌كه‌ی نێوانیان.
به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌پاڵ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌دا كه باس له زیادكردنی چه‌ند پۆستێك ده‌كرێت بۆ نمونه وه‌كو جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێداگری له چه‌ند خاڵێكی تر ده‌كات له‌وانه؛
تێپه‌ڕاندنی یاسای چاكسازی وه‌ك یه‌كه‌م یاسای خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، پێكهێنانی لیژنه‌ی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردیستان، یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه و به‌نیشتمانیكردنی ئه‌و هێزه و هه‌روه‌ها گفت وه‌رگرتن له‌سه‌ر یه‌كخستنی هێزه‌كانی (70) و (80) و نه‌مانی هیچ هێزێكی تایبه‌ت به حیزب.
په‌یامنێری (سبه‌ی) وتی: ئه‌م خاڵانه وه‌ك ورده‌كاریی رێككه‌وتنی سیاسیی نێوان پارتی و گۆڕان باس ده‌كرێن، ئه‌گه‌رنا، كۆبونه‌وه‌ی وه‌فده‌كه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ گۆڕان هیچ گفتوگۆیه‌كی دیكه له‌باره‌ی پۆست له‌خۆ ناگرێت به‌وپێیه‌ی كه گۆڕان به‌ركه‌وته‌ی خۆی له كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا له‌گه‌ڵ پارتی بڕاندوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ده‌ستپێكی هه‌نگاوه كردارییه‌كانه بۆ پیكهێنانی حكومه‌ت و هه‌نگاونان بۆ چاكسازیی راسته‌قینه.
وه‌فدی پارتی پێكهاتوه له نێچیرڤان بارزانی، فازڵ میرانی، مه‌حمود محه‌مه‌د، كه‌مال كه‌ركوكی و هۆشیار زێباری.