ناوەڕۆکى کۆبونەوەى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان

06/05/2019

کۆبونەوەى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان کۆتایى هات و وتەبێژى پارتى ئەوەى خستەڕو کە سوپاسى گۆڕانیان کردوە بۆئەوەى تێگەیشتنیان هەبوە بۆ دۆخەکە لەپێناو زو پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم.

دواى کۆتایى هاتنى کۆبونەوەى بزوتنەوەى گۆڕان و شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە مەکۆى سەرەکى لە سلێمانى بەڕێوەچو، د. شۆڕش حاجى ئەندامى خانەى راپەڕاندن لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانی هاوبەشدا رایگەیاند؛ شاندى میوان ستایش و پێزانینى خۆیان بۆ گۆڕان دەربڕی بۆ هەڵوێستەکانى لەسەر پرسى پێکهێنانى حکومەت و وتى: "ئێمە ئەوەى بە ئەرکى سەرەکى خۆمان زانیوە جێبەجێمان کردوە و لەم هەلومەرجەشدا پێمانوایە تا حکومەت زوتر پێکبێت لە بەرژەوەندى گشتى و خەڵک و بازاڕ و موچەخۆرانە".

وتیشى:"ئێمە لە کۆبونەوەکانى پێشومان و رێککەوتنى نێوانمان و ئەم کۆبونەوەیەشدا جەختمان لە ئەنجامدانى چاکسازى کردوەتەوە و رێککەوتنى سیاسى نێوانیشمان ئێمە پاکێجێکى سەرەکى تێیدایە کە ئەنجامدانى چاکسازى و بەنیشتیمانیکردنى هێزى پێشمەرگەیە"، باسى لەوەشکرد کە بڕوایان وایە نابێت پۆستێک لێرە و لەوێ رێگربێت لە بەردەم پێکهێنانى حکومەت، "ئەوەش لەپێناو جێبەجێکردنى پاکێجەکانى چاکسازى".

لاى خۆیەوە، مەحمود محەمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسى و وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەدا وتى:"هاتنى ئەمڕۆمان بۆ درێژەدان بو بە کۆبونەوەکانى پێشو لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان کە پێشتر رێککەوتنى سیاسیشمان واژۆ کردوە، بەڵام دواى گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتى بۆ پێکهێنانى حکومەت، داواکارییەکى یەکێتى پەیوەندى بە رێککەوتنى نێوان ئێمە و گۆڕان هەبو، بە سوپاسەوە بزوتنەوەى گۆڕان تەفەهومى وەزعەى کرد و بۆ چارەسەى کێشە و زو پێکهێنانى حکومەت، ئەمەش بۆ بەخەمەوەبونى دۆخەکە و چارەسەرى کێشەکان دەبینین و سوپاسیان دەکەین".

ئاماژەى بەوەشکرد کە لە سەرەتاى کۆبونەوەکانیان لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان لێکنزیکى زۆریان هەبوە بۆ پاکێچەکانى چاکسازى و وتیشى: "ئەم قۆناغە پێویستى بە هەمو لایەنەکانە بۆ لەئەستۆ گرتنى بەرپرسیارێتییەکان بەتایبەت پارتى و یەکێتى و گۆڕان و ئیستاش پرۆسەى پێکهێنانى حکومەت بەرەوپێش دەچێت، بەتایبەت کە لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان رێککەوتنى سیاسیشمان هەیە".

لەوەڵامى رۆژنامەنوساندا و سەبارەت بە رێککەوتنى سیاسى گۆڕان و پارتى و دەستنیشانکردنى کاندیدەکان، د. شۆڕش حاجى وتى:"پارتى دیموکراتى کوردستان پابەندى رێککەوتنەکەیانن لەگەڵ ئێمە و ئێمەش چاوەڕێین کابینەى حکومەت پێکبێت و بەرنامەکەى لەسەر بنەماى رێککەوتنى (پارتى - گۆڕان) و (پارتى - یەکێتى) دابڕێژێت و هەنگاوەکانى چاکسازى دەستپێبکەن، تایبەت بە پۆستەکانیش ئێمە لە بزوتنەوەى گۆڕان داهێنانمان کردوە بۆ دیاریکردنى کاندیدەکانمان بۆ ئەو پۆستانەى پشکى بزوتنەوەکەن و ئەو لیژنەیەى دیاریکراوە دەستبەکاربوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدەکان دەکات، بۆئەوەى باشترین کاندید دیاری بکرێن کە بەرنامەکانى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەو بەڵینانە جێبەجێ بکەن کە بە خەڵکیان داوە".

سەبارەت بە گفتوگۆکانى پارتى و یەکێتى و ئەگەرى واژۆکردنى رێککەوتنى نێوانیان، مەحمود محەمەد وتى: "رێککەوتنى سیاسیمان ئیمزا کردوە لەگەڵ یەکێتى و بڕیارە لەسەر پۆستەکانیش رێککەوتن واژۆبکەین، ئەمڕۆ سەردانیان دەکەین ئەوەى ماوەتەوە لیژنەى هاوبەشمان بەیەکەوە تاوتوێى دەکەن و دواتر رێککەوتنى کۆتایى واژۆ دەکرێت".


هەواڵی زیاتر