د.شۆڕش حاجی: پاکێجی چاکسازیی و یەکخستنەوە و رێکخستنی پێشمەرگە ئامانجی سەرەکیمانە

06/05/2019

د.شۆڕش حاجی رایگەیاند: ئەوەی بەلای گۆڕانەوە گرنگە، جێبەجێکردنی پاکێجی چاکسازییە کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و موچەخۆر و پێشمەرگە و یەکخستنەوە و بە نیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆیە.

لەبارەی کۆبونەوەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە دوێنێ یەکشەممە لە سلێمانی بەڕێوەچو، د.شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: گۆڕان و پارتی رێککەوتنیان کردوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەوەی بەلای گۆڕانەوە جێی بایەخە هه‌رچی زوه‌ حکومەت پێکبهێنین و جێبەجێکردنی ئەو پاکێجە چاکسازییەیە کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و موچەخۆر و پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیە.

وتیشی :"پلەو پۆست هێندە بایەخی نییە لای ئێمە، جەختمانکردوەتەوە کە بایەخی سەرەکی ئێمە لەسەر پاکێجی چاکسازی و بەنیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ بێت، لەسەرو هەموشیانەوە نەهێشتنی یەکەکانی حەفتا و هەشتا و هێزە تایبەتییەکان".

لەو لێدوانەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا و سەبارەت بەوەی گۆڕانکاریی لە رێککەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی دەکرێت، ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندن رایگەیاندوە؛ هەڵوێستی ئێمە
زۆر رونە، پارتییش لە کۆبونەوەکە جەختیان کردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ئەو رێککەوتنەی نێوان گۆڕان و پارتیدا نایەت و ئەو پشکانەی بەرکەوتەی گۆڕانن بەهیچ شێوەیەک کەمناکرێتەوە.

د.شۆڕش حاجی وتی :" پێمانباشە پارتی و گۆڕان و یەکێتی پێکەوە حکومەت پێکبهێنن، پێمانباشە کە قسە لەگەڵ برایانی کۆمەڵی ئیسلامییش بکرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە ناو حکومەتەوە".

سەبارەت بە زیادکردنی جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم، ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندوە؛ نامانەوێت ببینە ئاستەنگ لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی
هەرێم، چونکە بەلای ئێمەوە گرنگ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەیە لەسەر پاکێجی چاکسازی و بەنیشتیمانی کردن و یەکخستنەوەی هێزەکان، ئەوەش وەک ئەرکێکی نیشتیمانی خۆمان
لەپێناو بەپەلە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دەزانین.


هەواڵی زیاتر