ململانێی‌ ئه‌مەریكاو ئێران؛ كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌

20/06/2019

ململانێی ئێران و ئەمەریکا، تەنها ململانێی نێوان دو وڵات نییە، کە یەکێکیان زلهێزێکی جیهانیەو ئەویتریان دەیەوێت هێزێکی ناوچەیی خاوەن هەژمون بێت، بەڵکو راستەوخۆ کاریگەری لە سەر وڵاتانی
دەوروبەر هەیە، چونکە کاتێک ئێران دەیەوێت ببێتە وڵاتێکی خاوەن هەژمون ئەوا وڵاتانی دەروبەری ئێران روبەوری مەترسی دەبنەوە. ئەمە لە ئەنجامدا ئەو دۆخەی بەرهەمهێناوە کە لە لایەن زۆرێکەوە بە جەنگی سارد ناودەبرێت.

"ململانێی‌ ئه‌مەریكاو ئێران؛ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌" راپۆرتێکی ژوری توێژینەوەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕانە کە لەلایەن د. سەردار عەزیزەوە ئامادە کراوە، تیایدا شیکردنەوە بۆ ململانێکانی نێوان هەردو وڵات و کاریگەرییەکەی لەسەر وڵاتانی دەوروبەر کراوە، دەرئەنجام و ئەو بژاردانەش خراونەتەڕو کە لە ئارادان.

ئاماژە بەوە کراوە؛ هەڵمەتی ئەمەریکا، یان ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر ئێران، بەشێکە لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەکە. چەمکی ئەوپەڕی فشار بۆ ناچارکردنی نەیاران ئەو چەمکەیە کە ئەم ئیدارەیە پیادەی دەکات. ئابلۆقە و هەڕەشەی سەربازی و هێرشی ئیعلامی هەمو ئامرازی پیادەکردنی ئەو پەڕی فشارن. وەها دەردەکەوێت کە ئامانجی سەرەکی سیاسەتی ئەوپەڕی فشار، شەڕ نەبێت هێندەی ئەوەی کە ناچارکردنی وڵاتی نەیارە بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی ئەمەریکا یان هاتنە سەر مێزی دانوستان.

ئەمەریکا سێ خاڵی بەهێزی هەیە لە سەپاندنی هەژمونیەتی بە سەر دونیادا، (پارە، چەک لە گەڵ دیموکراسی). ئەمە لە هەمانکاتدا لە دور مەودادا دەبێتە بەشێک لە شەڕی جیهانی لە ئاستی ژێرخان و وزە و ئابوری و پانتاییدا. هەمو ئەمانە لە پرۆسەی زەبەلاحی رێگەی ئاوریشمی نوێدا خوی دەبینێتەوە. رەنگە فشاری ئەمەریکی ناوچەکەی گەیاندبێتە دۆخێک کە دەبێت براوە و دۆڕاو هەبێت، بە تایبەت لە دیدی وڵاتانی کەنداوەوە. بۆیە بەردەوام وڵاتانی کەنداو فشار دەکەن بۆ روبەروبونەوە. بە گشتی خواستی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی وڵاتانی کەنداوی فارس لەگەڵ ئیسرائیلدا گۆڕینی رژێمە لە ئێران. ئەم خواستە لە گەڵ خواستی روسیا و چین و تورکیادا نیە لە ئێستادا. بەڵام ئەگەری کەمە لە دۆخی روبەڕوبونەوەدا هیچ کام لەم وڵاتانە پشتی ئێران بگرن.

لە توێژینەوەکەدا چوار بژاردە خراوەتەڕو سەبارەت بە ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، لە بەشێکیدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەگەر شەڕ و گۆڕینی رژێم رونەدات ئەوا ئەگەری فشار هەیە بۆ کشانەوەی ئێران لە سنورەکانی تورکیا، ئیسرائیل و ئوردون، یانی سوریا. ئەمەریکا بۆ ئەوەی ئەمە فەراهەم بکات، ئەوا دەبێت لە سوریا فشار لە ئێران بکات، چ راستەوخۆ چ لە ڕێگای هاوپەیمانەکانیەوە. لە عێراقدا بە مانای پشتیوانی ئەو لایەنانە دێت کە دۆستی ئێران نین.

هەمانکات، گەڕانەوە بۆ دانوستان لە ئێستادا بۆ ئێران ئاسان نییە، چونکە ئاماژەیەکی رونە بە کاریگەری فشار و ملکەچبونی رژێم. ئێران جیاوازە لە کۆریای باکور، کۆریا بۆیە دانوستان دەکات چونکە خاوەن چەکەکەیە. بەڵام ئێران کە هێشتا چەکی نیە، دانوستان بۆی ئاسان نییە، بە تایبەت لەگەڵ ترەمپدا کە ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە ئێران وەک لاواز دەربخات و خۆی وەک سەرکەوتو و بیکاتە دەستکەوتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتو، کە ئێران بە هیوایە ترەمپ بدۆڕێت، نەک ببێتە هۆکاری سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی.

 

کلیک لێرە بکە


هەواڵی زیاتر