هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانی ئیستانبوڵ ؛ دەنگی کورد یەکلاکەرەوە دەبێت؟

22/06/2019

بڕیارە رۆژی (23)ی حوزەیرانی (2019) هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت، ئەم هەڵبژاردنە بریتییە لەدوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ کە لە (31)ی ئازاری ئەمساڵدا ئەنجامدرا. لەهەڵبژاردنی پێشودا بەربژێرەکەی جەهەپە، توانی بەسەر بەسەر بەربژێرەرەکەی ئاکپارتیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. بەڵام بەهۆی فشارە بەردەوامەکانی ئاکپارتی، ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەکۆمەڵێک پاساوی جیاواز، بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ و رۆژی (23)ی حوزەیرانیشی دەستنیشان کرد بۆ رۆژی دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکە.

لەم لێکۆڵینەوە شیکارییەدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ کە نوێترین لێکۆڵینەوەی شیکاری ژوری توێژینه‌وه‌ی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕانەو لەلایەن گەیلان عەباس ئامادەکراوە، وێڕای چەند زانیارییەکی گشتی دەربارەی هەڵبژاردنەکەو پارتە بەشدارەکان، هاوکات تیشک خراوەتە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشو و هۆکارەکانی دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵ و کاردانەوەکانی.

ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە چاوەڕوان دەکرێت، بریتییە لەرکابەریەکی توند لەنێوان هەردو بەربژێر (بیناڵی یەڵدرم: ئاکپارتی) و (ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ: جەهەپە)، بەراورد بە بەربژێری پارتەکانی دیکە. لەلایەکی دیکەشەوە (هەدەپە)، هاوشێوەی هەڵبژاردنی (31)ی ئازاری ئەمساڵ سەرەڕای نەبونی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەمی چاوەکان لەسەر دەنگدەرانی هەدەپەیە، بەو پێیەی چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی (31)ی ئازار، لەم هەڵبژاردنەشدا دەنگدەرانی کوردو هەدەپە، رۆڵی گەورە ببینن لە یەکلابونەوەی ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی یەکێک لەکاندیدە رکابەرەکان.

لە بەشێکی تری لێکۆڵینەوەکەدا، ئاماژە بە گرنگی ئیستانبوڵ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیاو رۆڵی کوردو هەدەپە کراوەو تیایدا هاتوە؛ لە ئەگەری بەشداربونی (50٪) ئەو دەنگدەرانەی کوردو هەدەپەو لایەنەکانی دیکە، کە لە هەڵبژاردنی رابردودا بەشداریان نەکردوە، بێگومان کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دروست دەبێت.

هاوکات ئاماژە بە گرنگی ئیستانبوڵ بۆ ئاکپارتی و هۆکاری دەستبەردار نەبونی ئەو شارە لەلایەن ئاکپارتییەوە روندەکاتەوەو باسی لەوە کردوە، ئیستانبوڵ، جیا لەگرنگی سیاسی، لەروی ئابورییەوە بوەتە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی مادیی بۆ ئاکپارتی، هەر ئەمەش هۆکارە بۆ سوربونی ئاکپارتی و ئەردۆغان بۆ بەئاسانی رادەست نەکردنی حکومڕانی ئەو شارە بە پارتە رکابەرەکانی ئاکپارتی.

 

کلیک لێرە بکە

 

 


هەواڵی زیاتر