ترافیکی دیبلۆماسی گۆڕان پڕ جوڵەیە
07/08/2019
هەفتەی رابردو، گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، بوە وێستگەی سەردانی ژمارەیەک باڵیۆز و کۆنسوڵی وڵاتانی جیهان. سەردانەکان بۆ پشتیوانی پڕۆسە و بەرنامەی چاکسازیی بو کە گۆڕان بە ئاڵاهەڵگری دادەنرێت.
بەپێی بەدواداچونێکی رۆژنامەی (زەمەن) کە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوکراوەتەوە، تەنیا هەفتەی رابردو، چوار وەفدی باڵای دیپلۆماسی سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد لە شاری سلێمانی، سەرەتا وەفدێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە تارانەوە و دواتر وەفدێکی کۆنسوڵخانەی چین، باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق و دوا وێستگەی سەردانەکانی هەفتەی رابردوش، کونسوڵی ئیتاڵیا بو لە هەرێمی کوردستان.
ژوری په‌یوه‌ندییە دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەرکی رێکخستنی ئەو پەیوەندییانەی هەیەو بەپێی پەیکەری رێکخراوەیی، ئەرکی په‌یوه‌ندییە له‌گه‌ڵ باڵیۆز و کۆنسوڵگه‌رییه‌کانی وڵاتانی ده‌ره‌وەو ئاماده‌بون له بۆنه نیشتمانییه‌کانیان و له ئاهه‌نگه تایبه‌تیه‌کانیاندا و بانگهێشتی دیپلۆماته‌کان بۆ بۆنه و ئاهه‌نگه‌کانی بزوتنه‌وەی گۆڕان ناردن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نامه‌و یاداشتەکانیان و بینینی رۆژنامه‌وانی بیانییە.
شوناس شێرکۆ جدی، ئەندامی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (زەمەن)ی وت: "ئەرکی ژورەکەمان گەیاندنی پەیامەکانی بزوتنەوەی گۆڕانە بە وڵاتانی دەرەوە".
هەروەها بەپێی پڕۆگرامی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، به هۆشیارییەوە مامەڵە دەکات لەگەڵ ئەو پەیوەندییە تێكڕژاو و ئاڵۆزەی که هەرێمی كوردستان دەبەستێتەوە بە وڵاتانی دراوسێوە. لەئاست ئەو واقیعەی كە هەرێمی كوردستانی خستوەتە بەردەم دو ئەركی جیاوازەوە؛ لەلایەك دەبێ پابەندی خزمایەتیی و هاوسۆزیی نەتەوەیی بێ لەگەڵ گەلی كوردی دابەشبو بەسەر ئەو وڵاتانەدا، لەلایەكیشەوە دەبێ وەك هەرێمێكی سەر بە كۆماری عێراقی فیدراڵ، پابەندی یاسا نێودەوڵەتیەكان بێ و رێز لە سنور و سەروەریی ئەو وڵاتانە بگرێ.
هه‌ندێك له چاودێران پێیانوایه كه هێشتا وه‌كو پێویست گۆڕان بایه‌خى به سلكى دیبلۆماسى نه‌داوه‌و سیاسه‌ته‌كانى له‌و روه‌وه جێگاى كه‌موكورتییه.
د. ره‌عد ره‌فعه، پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر له‌و باره‌یه‌وه به (زه‌مه‌ن)ى وت: "پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان له كۆتایی لیستی ئاره‌زو و گرنگی پێدانه‌كانیانه، كه‌چی توانیویانه له هه‌مو به‌ره‌كانی كاری سیاسی و حزبیی لێبڕاوانە توانیویانە كاری دیپلۆماسی و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیه‌كانیان پەرە پێبدەن. به‌ڵام گۆڕان و حزبه‌كانی تریش، كه چاكسازیی كاری له‌پێشینه‌یانه، نه‌یانتوانیوه وه‌كو پێویست تۆڕی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسی و سیاسییه‌كانیان له‌گه‌ڵ حزب و رێكخراو وڵاته زلهێزو كاریگه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ر پەرە پێبده‌ن".
به‌ڵام شوناس شێرکۆ پێچه‌وانه‌ى بۆچونى ئه‌و چاودێره سیاسییه، رونیکردەوە؛ هەمو وڵاتانی دەرەوە تێگەیشتون لەوەی سەنگی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نوێ، سەنگێکی قورسە. بەپێی بەرنامەی حکومەت و لە چەند ساڵی داهاتودا، چاکسازیی دەکرێت بۆیە نوێنەرایەتی وڵاتان کە چاویان لە چاکسازییە، پێیانخۆشە لە نزیکەوە دیدی گۆڕان بزانن و لەگەڵیدا کاربکەن، بۆ ئەنجامدانی
ئەو ریفۆرمانەی کە گۆڕان ئاڵا هەڵگریەتی.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە پڕۆگرامە سیاسییەکەیدا جەختی کردوەتەوە لەوەی بڕوای بە دامەزراندنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ دەرەوە لەسەر بنەمای هاوسێیەتی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش، دور لە بەكارهێنانی زمانی روپامایی ساختە یان هەڕه‌شه‌ی وه‌همی دابمەزرێنێت. چونکە ئەمانە زەمانەتێكی سیاسیی و یاسایین بۆ دڵنیاكردنەوەی ئەو وڵاتانە سەبارەت بە ئاشتیخوازیی قەوارەی هەرێم.
بەوتەی شوناس شێرکۆ؛ بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نوێ‌دا ژمارەیەک وەزارەتی گرنگی وەرگرتوەو ژمارەیەک دۆسیەی دیکەش هەن کە کاریان لەسەر دەکات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی و چاکسازیی، نوێنەرایەتی وڵاتانی دەرەوە پێیانوایە بڕیارێکی باشی داوە بۆ بەشداریی کردن لە حکومەت و چاویان لەوەیە گۆڕانکاری و چاکسازی بکات.
وتیشی: "پێگەو سەنگی گۆڕان لای وڵاتانی دەرەوە پێگەیەکی بەهێزە، پێیانخۆشە هاوکارمان بن بۆ سەرخستنی بەرنامەی ریفۆرم و چاکسازیی و پاڵپشتی سیاسەتی ریفۆرمخوازانەی گۆڕان دەکەن".