قەیوم؛ بەربەستی بەردەم کورد لە تورکیا

29/08/2019

(سبەی) لە نوێترین بڵاوکراوەیەکیدا بەناونیشانی "قەیوم؛ بەربەستی بەردەم کورد لە تورکیا" لە ئامادەکردنی (گەیلان عەباس)، تیشک دەخاتە سەر زاراوەی (قەیوم) و ئامانجەکانی تورکیا لە پەنابردن بۆ دانانی (قەیوم) لە شوێنی هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی کورد لە باکوری کوردستان.

بەرەبەیانی رۆژی (19)ی ئابی (2019)، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەرێگەی ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانەوە، دەستی بەسەر شارەوانی هەرسێ گەورە شارەوانی هەدەپە لە (ئامەد، وان و ماردین)دا گرت و سەرۆکی هەرسێ شارەوانیەکە، بە تۆمەتی تیرۆر لەکارەکانیان دورخرانەوە.

قەیوم چییە؟
قەیوم، زاراوەیەکی یاساییە، لەبنەڕەتدا لە زاراوەی (القیم)ی عەرەبیەوە وەرگیراوە. (القیم)یش زاراوەیەکی شەرعییەو لە یاسا جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبیدا بەکارهێندراو. بۆ نمونە قەیم لە (یاسای چاودێری ناکامەکان- قانون رعاية القاصرين)ى ژمارە (78)ی ساڵی (1980)ی عێراقیدا هاتوەو لەهەرێمی کوردستانیشدا بەرکارەو دەڵێت "قەیم ئەو کەسەیە کە بەبڕیاری دادوەر، وەک نوێنەرێکی یاسایی دادەنرێت بۆ راپەراندنی ئیش و کارو مامەڵە داراییەکانی کەسی ناکام (القاصر).

بەڵام ئەوەی لە تورکیادا بەکاردێت قەیوم بە واتای (دەستبەسەرداگرتن– المصادرة‌) هەندێکی دیکەش بەواتای (خۆسەپاندن یان خۆسەپێن) بەکاری دەهێنن. تایبەت بە پرسی شارەوانییەکان قەیوم واتە نوێنەرانی دەوڵەت (نائب الدولة– وكلاء الدولة).

قەیوم بەکێ دەوترێت؟
قەیوم یاخود قەیومەکان کەسانی راسپێردراوی دەوڵەتن، كە حكومەتی توركیا لە دەرەوەی هەڵبژاردنەکان، بە دامەزراندن و فەرمانێکی وەزاری، دایاندەنێت لەجێگەی سەرۆکی شارەوانی یاخود سەرۆکی کۆمپانیایەک یان هەر دامەزراوەیەکی دیکە. ئەوەش بەمەبەستی راپەڕاندنی کاروباری ناوەندو دامەزراوە دەستبەسەرکراوەکان. بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو دامەزراوانە لەپرسێکی نایاسایی لە نمونەی (تیرۆر و گەندەڵی، یاخود پلاندانان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی وڵات ...) تێوەدەگلێنرێن.

قەیوم لە سایەی سیستەمی سەرۆکایەتیدا
یەک مانگ دوای دەستبەکاربونی رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆماری تورکیا، لە شەوی (20) تەمموزی (2018)دا باری نائاسایی لە تورکیا کۆتایی هات، رۆژی دواتر لە پەرلەمانەوە گەرەنتی مانەوەی دەسەڵاتە زۆر و زەوەندەکانی سەرۆک کۆمار کراو بوە سەنتەری دەسەڵاتەکان. ئێستاش دەسەڵاتی یەکەمی لێپرسینەوە لە سەرۆك شارەوانیەكان لە وەزارەتی ناوخۆوە گواستراوەتەوە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار.

لەم چوارچێوەیەدا دورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان چاوەڕوانکراو بو، بەوپێیەی ئەردۆغان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا لە (25)ی شوباتی (2019)دا وەک پەیامێک بۆ هەدەپە رایگەیاند "ئەو توانایەی دەوڵەت دەیخاتە بەردەستتان، ئێوە رەوانەی قەندیلی دەكەن. ئێوە دەڵێن هەڵبژاردنەکان دەبەینەوە، ئەگەر هاوڵاتیانم دەرفەت بە بردنەوەتان بدەن، ئێمەش بەبێ چاوەڕوانی جارێكی دیكە قەیوم دادەنێینەوە".

قەیوم بەربەستی بەردەم کورد
حکومەتی ئاکپارتی بە پشتیوانی مەهەپە، لەچوارچێوەی قۆناغی باری نائاساییدا، یەک مانگ دوای کودەتاکەی ساڵی (2016) یاسای قەیومی دەرکرد.
لەوکاتە بەدواوە حکومەتی ئاکپارتی قەیومی بەیاسایی کردو لەرێگای ئەم یاسایەو دەستورو یاساکانی تیرۆرو شارەوانی، لەکۆتاییەکانی ساڵی (2016) کەوتە پەلاماردانی شارەوانیەکانی بەدەپەو لەماوەی دو ساڵی باری نائاسایدا لەکۆی (102) شارەوانی کوردو بەدەپە، لەباکوری کوردستان (96) شارەوانی لەرێگای قەیومەوە لەدەستی کوردەکان دەرهێنرا.

ئۆپەراسیۆنەکانی (19)ی ئاب
دوای نزیکەی پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی (31)ی ئادار، جارێکی دیکە حکومەت بەپاساوی تیرۆر، ئۆپەراسیۆنی دژی شارەوانیەکانی هەدەپە دەستپێکردەوەو لەیەکەم هەنگاویشدا سێ گەورە شارەوانی هەدەپە لەباکور دەستیان بەسەردا گیرا.

هەڵمەتەکانی حکومەتی تورکیا دژ بە هەدەپە، نیگەرانی و ناڕەزایەتی ناوخۆیی و دەرەکی بەدوای خۆیدا هێنا، لەباکور هاوڵاتیانی کورد ماوەی هەفتەیەکە بە بەردەوامی بەخۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی داوای گێڕانەوەی دەسەڵاتی شەرعی دەکەن بۆ شارەوانیەکانیان، دەسەڵاتیش لەرێگەی هێزەوە وەڵامیان دەدەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا لەنمونەی (جەهەپە، پارتی سەعادەت، هودا پار) دژ بەو هەنگاوەی حکومەت دەنگی ناڕەزایەتیان بەرزکردەوە. تەنانەت، هاوڕێیانی دێرینی ئەردۆغان (عەبدوڵا گول و داود ئۆغڵۆ) لە رێی تویتەوە بڕیارەکانی حکومەتیان بە دژە دیموکراسی وەسفکرد. لەسەر ئاستی  نێودەوڵەتیش رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و یەکێتی ئەوروپا و ژمارەیەک سیاسەتمەداری جیهانی هاتنە دەنگ و ناڕەزایەتیان دەربڕی.



کلیک لێرە بکە


هەواڵی زیاتر