دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ خانەى راپەڕاندن و رێکخەرى گشتى کرایەوە
07/09/2019
ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان دەرگای خۆپاڵاوتنى بۆ كانیدانی ئەندامانی خانەی راپەراندن و رێكخەری گشتی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كردەوە.
پەیامنێرى (سبەى) رایگەیاند؛ سەعات (8:00)ی چوارشەممە، دەرگای خۆپاڵاوتنی بە روی كاندیدانی پۆستی (رێكخەری گشتی، خانەی راپەڕاندن، دەستەی سەرۆكایەتی جڤاتی گشتی)دا كرایەوە و پرۆسەى وەرگرتنى کاندیدان بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت، دوای داخستنی دەرگای خۆكاندید كردن ناوی كاندیدەكان ئاشكرا دەكرێن و لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا هەڵبژاردنەكان ئەنجام دەدرێن.
بەپێى رێکارەکان سەرەتا لە رۆژى (12/9/2019) هەڵبژاردنى دەستەى نوێى سەرۆکایەتى جڤاتى گشتى لەناو خودى جڤاتەکەدا هەڵدەبژێردرێت و سەرۆکى جڤاتى گشتى دەبێتە ئەندامى خانەى راپەڕاندن، بەپێی ئەو رێنماییانەش کە لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا پەسەندكران رۆژی (14/9/2019) ئەندامانی خانەی راپەراندن و رێكخەری گشتی هەڵدەبژێردرێن کە بەپێی دەستوری بزوتنەوەى گۆڕان، ئەندامانی هەرد و جڤاتی نیشتمانی و گشتی و كەسایەتییە دیارەكانی بزوتنەوەكە دەتوانن خۆیان بۆ ئەو پۆستانە كاندید بكەن.
پێشتریش رێکخەرى ژورى هەڵبژاردنى گۆڕان بە (سبەى) وت: "پرۆسەى هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، لەژێر چاودێریی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و بە سەرپەرشتی دادوەرێک ئەنجام دەدرێت".